نوچەنێت
ئێوارەی رۆژی هەینی ٤-٥-٢٠١٨، بۆ بانگەشە بۆ لیستی ١٨٤ و ناساندنی کاندیداکانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی، ئاهەنگێکی جەماوەریی بەرفراوان لە شاری سلێمانی ساز کرا.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئامادەبوونی لە شاری سلێمانی، ئاماژەی بە مێژووی پڕ شکۆی خەباتی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە سلێمانی کرد کە بووەتە هۆی بەستنەوەی هەتاهەتایی سلێمانی و پارتی بە یەکترەوە.
ده‌قی گوته‌ی نێچیرڤان بارزانی:
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، به‌خێر بێن سه‌رچاو، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، كه ماوه‌یه‌كی درێژه له‌به‌ر ئه‌م بارانه خۆڕاگر بوون و هه‌مووتان له ڕێگه‌ی دووره‌وه هاتوون له شوێنه‌كانی تر له سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕانیه، قه‌ڵادزێ و گه‌رمیان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه. هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن.
“له بيرم دێ سلێمانى دارولمولكى بابان بوو
نه مه‌حكومى عه‌جه‌م، نه سوخركێشى ئالى عوسمان بوو”
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
جەماوەری ورەبەرزی پارتی لە سنوورى سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕين و گه‌رميان،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
كوردستانييانى خۆشه‌ويست،
ئەوانەی له هه‌ر كوێ بێت، تەماشامان دەكەن و گوێمان لێدەگرن،
سڵاوتان لێ بێت، ئێواره‌تان باش..
به‌ڵێ.. تا ژیان بەردەوام بێت، سلێمانى هەر دارولمولكی بابانە و هەر مەحكومی ئیرادەی خەڵكی هۆشیار و تێكۆشەر و كوردپەروەرەی شاره‌كەیەتی.
زۆر خۆشحاڵم، كە لە شاری هەڵمەت و قوربانی لەگەڵ ئێوەم، لە پایتەختی ڕۆشنبیريی كوردستان‌م، لە شاری بەشێكی زۆر لە شەهیدە قارەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان به ئێوه شاد ده‌بم، به‌خێر بێن. جوامێريی خەڵكی سلێمانی لەگەڵ بارزانيی نه‌مر و بارزانییە دوورخراوەكان، خەباتی دامەزرێنەرانی پارتی لە سلێمانی، خۆڕاگريی پارتییەكانی سلێمانی، قارەمانيه‌تیی مەفرەزەكانی پارتی لەناو گەڕەكەكانی سلێمانی لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، خوێنی شەهیدە سلێمانییەكانی پارتی، سلێمانی و پارتییان بۆ هەتاهەتایە بەیەكتر بەستووەتەوە، بۆیەش ئێمە ئەمڕۆ لێرەین و لە داهاتووشدا لە سلێمانی و له‌م سنووره بە هێزێكی زۆره‌وه به پشتیوانیی ئه‌م خۆڕاگرانه ده‌مێنینه‌وه.
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانی له ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٣، لێرە لەبەردەم ئێوەدا فەرمووی “ئێمە بە ڕۆح قەرزاری سلێمانین”، بە ڕاستیش هەروایە. ئێمە لە خانه‌واده‌ى بارزان، شێخی گەورەمان جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی وا فێرى كردووين كه هەمیشە ڕێزی سلێمانی بگرین و هەمیشە سلێمانیمان خۆشبوێت. هەر لەبەر ئەوەش بوو لە كاتی شۆڕشی شێخ مه‌حموودى نه‌مردا، بارزانيی نەمر، لەگەڵ ژمارەیەك له پێشمه‌رگه بارزانییه‌كان لەلایەن جەنابی شێخەوه ڕاسپێردران تاكو یارمەتی جەنابی شێخ مەحموود بده‌ن.
چلەكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، كە بارزانی نەمر و كۆمەڵێك شۆڕشگێڕی بارزانی بۆ سلێمانی دوور خرانەوە، خەڵكی سلێمانی له‌و كاته‌دا لە دەمی خۆیان دەگرتەوە و دەیاندایە ئەوان، دواتریش هه‌ر به یارمه‌تیی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره، بارزانيی نەمر لە سلێمانی دەرباز كرا و گەیشتەوە بارزان و لەوێ شۆڕشی كوردی جارێكی تر هەڵگیرساندەوە. بۆيه تێكەڵاويی خانه‌واده‌ى بارزان لەگەڵ خانه‌واده گەورەكانی سلێمانی زۆر كۆنە و هەمیشە بەردەوام بووە، ئێستاش بەردەوامە و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌مێنێته‌وه.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
خەڵكی بەڕێزی سلێمانی،
ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌داین، دەبێ باسی بارودۆخی عێراق و پەیوەنديی كوردستان و عێراق بكەین، بەڵام بە ڕاستی بە دەرفەتی دەزانم لێره بە ڕاشكاوی قسە لەسەر هەندێ خاڵ بكەم كە پەیوەندییان بە پارتی و سلێمانی و ئەو ئیرهابە فكری و سیاسییەوە هەیە كە لەلایەن هەندێ كەس و لایەنەوە دژی پارتی لەم شارەدا ده‌كرێت. ئیرهابی فیكری له‌سه‌ر پارتى لە شارێكدا ده‌كرێت كە به‌شێكى زێڕينى مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستانى نووسيوه‌ته‌وه.
جەماوەری خۆشەویستی پارتی لە سلێمانی، هەڵەبجە، هەورامان، شارەزوور، شارباژێڕ، گەرمیان، قه‌ڵادزێ، پشدەر و بیتوێن، بە ڕاستی با پێتان بڵێم ئەگەر ئێمە جارێك پارتی بین، ئێوە دوو جار پارتین. ئەگەر ئێمە وەفاداری پارتی بین، ئێوە لە ئێمە وەفادارترن بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئێوه وه‌فادارترن چونكە ئێوە لەناو ئیرهابێكی فیكريی سیستەماتیكدان كه له‌و ده‌ڤه‌ره دژی پارتی ده‌كرێت. بۆیە ده‌مه‌وێ له‌م ڕۆژه‌دا بە ناوی جه‌نابى سه‌رۆك و سه‌ركردايه‌تيى پارتييه‌وه پێتان بڵێم: سوپاس و ئافەرین بۆ خۆڕاگریتان! لە هەمان كاتدا مژدەی ئەوەتان پێدەدەم كە ئەو ئیرهابە فیكرییە لە لێواری لەناوچووندایە و لەناو دەچێت، ئێوه‌ش خۆشه‌ویستان و تێكۆشه‌ران و ڕێبوارانی ڕێگه‌ی پارتی و بارزانی به سه‌ربه‌رزی و سه‌رفرازی ده‌مێننه‌وه.
بە هەموو كادیر، لایەنگر، خێزانە پارتییەكان و خانه‌واده گەورەكانی سلێمانی دەڵێم، لەو ماوەیەدا هێزێكی زیاتر بدەنە خۆتان بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو ئیرهابە فیكرییە لەگۆڕ بنێین، تاكو گەشبینی و یەكگرتوویی و ئارامی و خۆشی بۆ تەواوی سنوورى سلێمانی بگه‌ڕێته‌وه.
ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی شاری پۆپۆلیزم و شەعبەویەتە، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی حەزی لە ژاوەژاوی حیزبییە، ئه‌وانه‌ى بۆ مه‌رامى سياسى و ململانێى حزبى، خۆشييان نه‌هێشتووه و ژيانيان له‌م شاره تاڵ كردووه، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی حەزی لە زمان و گوتاری سیاسيی زبرە، ئه‌وانه‌ى هه‌وڵيان داوه سلێمانى له كوردستان جيا بكه‌نه‌وه، ئەوانەی وا دەزانن سلێمانی دەیەوێ بێدەنگ بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری غەیرە كورد و توند بێت بەرامبەر دەسەڵاتداری كورد، ئەوانە ڕێز له قوربانييه‌كانى خەڵكی سلێمانی ناگرن و شارەزای خەڵك و مێژووی خه‌باتی ئه‌م ده‌ڤه‌ره نین.
به‌ڕێزان..
سلێمانی مەڵبەندی خەباتی ئازاديی نیشتیمانی و نەتەوەیی كورد بووە، هەر بۆیەش مەڵبەندی پارتی بووە. پارتی كە ئاڵای ئازاديی كوردستانی هەڵگرتووە و پێشمەرگەكانی پارتی ڕێگەیان نەدا قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین لەناو بچن، لەبەر ئەوەیە چونكە بەشێكی خوێنی پارتی لە خوێنی ڕەسەنی سلێمانییە.
خۆشه‌ویستان، به‌ڕێزان..
هەرگیز ڕای نوخبەیەكی سیاسيی سارد و سڕ بەرامبەر بە ئامانج و پرسە نەتەوەییەكان، ڕای خەڵكی سلێمانی نەبووە و نە ئێمە و نە هیچ كوردێكیش لە كوردستان بەو چاوە سەیری سلێمانى ناكات. پارتى و خه‌ڵكى سلێمانى هاوبيرن له بڕوابوون و قوربانيدان بۆ سه‌ربه‌خۆيى، هەر لەبەر ئەوەشە چاوەڕێین ئەمجارە خەڵكی سلێمانی زیاتر لە هەموو جارێك دەنگ به لیستی ١٨٤ی پاتی دیموكراتی كوردستان بدات، چونكە پارتی جارێكی دیكەش لە چوار ساڵی ڕابردوودا سەلماندییەوە كە بۆ مافه‌كانی گه‌لى كوردستان له به‌غدايه، نەك بۆ پله و پایه و پۆست، ته‌نانه‌ت له‌پێناو يه‌كڕيزيدا كه مه‌رجى سه‌ركه‌وتنمانه، بۆ لايه‌نه‌كانى تر ده‌ستيشمان له پۆسته‌كانمان به‌ردا.
ئەوكاتەش كە زانیمان دژایەتیكردنی مافەكانی كورد هەموو ماددەكانی دەستووری تێپەڕاندووە، پۆستە بەتاڵبووەكانیشمان لە بەغدا پڕ نەكردەوە، چونكە ئامانجی ئێمە لە بەغدا پاراستنى مافە دەستوورییەكانى گه‌لى كوردستانە، نەك دانیشتن لەسەر كورسییەكان.
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
من نەهاتووم گوتارێكی حەماسیتان بۆ بخوێنمەوە. هاتووم پێتان بڵێم نەمانویستووە و نامانەوێت وا تێبگەن ئێمە تەنیا ئاڵا و بارەگای پارتیمان هێناوه و دەهێنین بۆ پارێزگای سلێمانی. ئێمه تێڕوانينمان بۆ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه، بۆ گه‌رميان و ڕاپه‌ڕين، هه‌مان ئه‌و تێڕوانين و بيركردنه‌وه‌يه كه بۆ هه‌ولێر و دهۆك و هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان هه‌مانه. پشتگيريتان له پارتى، ده‌رفه‌تى زياترمان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه چ له به‌غدا، چ له كوردستان خزمه‌تى زياترى ئه‌م سنووره بكه‌ين. ئێمە ویستوومانە و هەوڵمان داوە وەك هەولێر و دهۆك، ئاوەدانيی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتر بۆ سلێمانی و ته‌واوى ئه‌و سنووره به‌دی بهێنین.
ئێمه بۆ سلێمانى و ئه‌م سنووره به هه‌موو توانايه‌كه‌وه پاڵپشت بووین بۆ هه‌ر پڕۆژه‌يه‌ك له هه‌موو بواره‌كانى زانستى، گه‌شتيارى، ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزارى و هه‌موو بواره‌كانى تردا.
ئەگەر مۆڵێك لە هەولێر كرابێتەوە، هەوڵمان داوە، وەبەرهێنەرەكانمان هان داوه بۆ ئه‌وه‌ى لە سلێمانیش ئه‌و كاره بكه‌ن، تاكو دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجانی سلێمانی فه‌راهه‌م ببێت و گه‌شتیاری زیاتر بۆ سلێمانی بێت. ئەگەر پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە سلێمانی كرابێتەوە، هێنده‌ى بۆمان كراوە قەرزمان به‌و پڕۆژه‌یه داوه له‌به‌ر خاتری خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی سلێمانی.
هەر زانكۆیەك بۆ پێشكەوتنی خوێندنی گەنجانی سلێمانی كرابێتەوە، یارمەتیمان داوە. هەر پڕۆژەیەك بۆ خزمەتی خەڵكی سلێمانی بوو بێت، بەبێ باسكردن هاوكاریمان كردووە. ڕاستە ئێمە دەسەڵات نه‌بووین له سلێمانی، بەڵام به ئەركی خۆمان زانیوه كه خزمه‌تی سلێمانی بكه‌ین.
خۆشه‌ویستان، ڕاستە باسمان نەكردووە و چەندين ساڵیشە نەمانویستووە باسی بكەین، چونكه ئه‌ركى ئێمه بووه، بەڵام له‌م بانگه‌شه‌يه‌دا كه بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه، كه‌چى هه‌ندێ كه‌س و لايه‌ن به عه‌مدى بۆ هێرشكردنه سه‌ر پارتى به‌كارى ده‌هێنن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وا نيشان ده‌ده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان بێت، ئەو چەواشەكاریيەی هەندێك بەرپرسی حیزبەكانی تر لە سلێمانی دەیكەن بۆ فڕێدانی شكستەكانی خۆیان بۆ سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان، وامان لێدەكەن ئەمڕۆ به‌ناوی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه و به‌ناوی ئێوه‌ی خۆشه‌ویسته‌وه پێیان بڵێین: ئیتر تا ئێرە و بەس!
به‌ڵێ به‌ڕێزان،
هەرگیز هاوكێشە حیزبییەكان و ئەو ئیرهابە فیكرییەی لە دژی پارتی هەبووە، دەرفەتیان بە پارتی نەداوە وەك ئەوەی لە بیر و هزرماندایە، خزمەتی ئەو ده‌ڤه‌ره بكەین. سلێمانی بودجەی جیای خۆی لە حكوومەتدا هەبووە، ئیدارەی شارەكە و ئەو حیزبانە بەرپرس بوون لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی سلێمانی كە دەسەڵات و كورسییان لە سلێمانی زۆر بووە، ئه‌وان به‌رپرسیار بوون نه‌ك پارتى دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆر جار ده‌بینین بۆ ڕاكردن لە بەرپرسیاريه‌تی و فڕێدانی ئه‌و شكستانه، هه‌موو جار باس له‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌رچی كه‌موكوڕی هه‌یه خه‌تای پارتییه، ئه‌مه دووره له ڕاستی و به هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕاست نییه.
ڕاكردن له به‌رپرسیارێتی و فڕێدانی بۆ سەر ئەستۆی پارتی، بەشێك بووە لەو چەواشەكارییەی بەرامبەر به خەڵكى خۆشه‌ویستی سلێمانى كراوە، بەشێك بووە لە ڕێگەكانی ئەو ئیرهابە فیكرییەی دژی پارتی كراوە. به‌ڵام ئەمڕۆ خەڵكی سلێمانی خۆیان پێیان دەڵێن: بەسە چەواشەكاری و تەسلیمبوون به دەرەوە و نامانه‌وێ دووبه‌ره‌كیی ناوخۆیی دروست ببێت، ئەوانەی هەموو كەموكورتییەكانی سلێمانی دەخنە ملی پارتييه‌وه، لای خەڵكی سلێمانی، قسەكانیان تەواو سواون.
لای گەنجانی وشیاری سلێمانی، ئەو قسانەیان ڕۆژ بەڕۆژ بێ ماناتر و بەتاڵتر دەبن. ئێستا زۆر لە گەنجانی سلێمانی دەزانن كە هەندێ حیزب شەڕ به سلێمانی دەكەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێ شەڕ بۆ سلێمانی بكەین. به‌ڵێ، ئه‌وان شه‌ڕ بۆ سلێمانى ناكه‌ن، شه‌ڕ به سلێمانى ده‌كه‌ن.
سلێمانی جوانە، دەبێ جوانتر بكرێت. سلێمانی شارێكی ئاوەدانە، دەبێ باشتر ئاوەدان بكرێتەوە و كار و بازاڕی زیاتر ببووژێندرێتەوە، دەرفەتی كار و چالاكيی هونەری و ئەدەبيی زیاتر بۆ گەنجانی داهێنەری سلێمانی بڕەخسێندرێت.
شانازيى ئه‌وه‌مان پێ بڕواوه كه شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيد، ڕه‌مزى مه‌زلوومييه‌تى گه‌لى كوردمان كرد به پارێزگا، بۆ ئه‌مه كارێكى زۆرمان له به‌غدا كرد، له داهاتووشدا هه‌موو هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه ده‌بێت كه هه‌موو ماف و شايسته‌كانى هه‌ڵه‌بجه وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی تر، ده‌سته‌به‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كه قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه كه دادگای فیدرالی تاوانه‌كان له عێراق به بڕیارێك هه‌ردوو كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالیان به جینۆساید ناساندووه. ئێمە شانازی دەكەین كە سلێمانیمان كردە پایتەختی ڕۆشنبیری، بەڵام دەمانەوێ بە كردەوە و دەزگا و فیستیڤاڵی گەورە، ئەوە زیاتر بچەسپێنین.
نابێ ژیان و پێشكەوتن لە سلێمانی بە ڕكابەريی توند و بەردەوامیی گرووپ و لایەنەكان بخرێتە پەراوێزەوە، ململانێی باڵ و گرووپ و حیزبەكان بكرێتە باسی ڕۆژانەی خەڵكی سلێمانی و به‌رده‌وام خه‌ڵكى پێوه سه‌رقاڵ بكرێت. نابێ ئەو ململانێیە تێكەڵی كارە ئیدارییە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت بكرێت لە سلێمانی.
هه‌موو ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقيان قۆستۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بكه‌نه سه‌ر پارتى و جگه له‌وه هيچى تريان پێ نييه بۆ شاری سلێمانی، ئێوه‌ش خۆشه‌ویستان و خه‌ڵكی به‌ڕێزى سلێمانى و كوردستان به‌گشتى باش ده‌زانن لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەركەوتووە، پارتی لە هەر شوێنێك دەسەڵاتدار و به‌هێز بووبێت، ڕێكخستن و ئیدارە و ئاوەدانی زیاتر لەوێ بووە، بۆيه له‌م ڕۆژه‌دا داواتان لێ ده‌كه‌م پشتگيریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانتان له هه‌رێم و له به‌غدا پارێزراوتر بن.
ئێستا كە ئیرهابی فیكری بەرامبەر پارتی لە سلێمانی بەرەو لاواز بوونه و په‌نا به خوا و به هیممه‌تی ئێوه به‌ره‌و لەناو چوون ده‌ڕوات، دەمانەوێ بە دەنگی خەڵكی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و گه‌رميان و ڕاپه‌ڕين، بە هێزی گه‌وره‌وه بگه‌ڕێینه‌وه به‌غدا و پارێزه‌رێكى سه‌رسه‌ختى مافه‌كانتان بین له‌وێ و له هه‌موو شوێنێك.
بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان، بۆ ئیدارەیەكی باش و پڕۆژەی گەورە و گەشاوە، داوا لە خەڵكی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەكەین، لەو هەڵبژاردنە و له هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، دەنگ به پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن.
خۆشه‌ویستان..
سياسه‌تى پارتى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌پێى قۆناغ بريتى بووه له خۆڕ‌اگرى و به‌رگريكردن له خاكى كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پيلانگێڕییه ناوخۆيى و ده‌ره‌كييه‌كان و شكستپێهێنانى پيلانه‌كانيان، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و كردنه‌وه‌ى ده‌رگا ديپلۆماسييه‌كان به ڕووى هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌سپێكردنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه داراييه‌كان كه له پێداچوونه‌وه‌ى سيستمى پاشه‌وكه‌تى مووچه ده‌ستمان پێكردووه و له‌مباره‌يه‌وه هه‌نگاوى باشتريش بۆ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان نراون.
به‌دڵنياييه‌وه پێتان ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته ناوخۆييانه نه‌بوونايه كه هه‌وڵيان دا پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان لاواز بكه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌رامه ڕۆژانه هاتوچۆی به‌غدایان ده‌كرد، دڵنيا بن هه‌موو كێشه‌كان زۆر زووتر و خێراتر چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرایه‌وه.
ئاماده‌بووانى خۆشه‌ويست،
كوردستانييانى ئازيز..
دوای ڕاپەڕین ئێمە دەستمان بە ئاوەدانكردنەوەى كوردستان كرد. له كاتێكدا هەندێ لایەن متمانه‌یان بە ئایندەی هەرێمی كوردستان هه‌ر نەبوو، ئێمە بەپێچەوانەوە بە پڕۆژەی گەورە متمانه‌مان بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد. هەر ئێمەش بووین یەكەمجار بڕیاری پێشكەشكردنی سلفەی هاوسه‌رگیری بۆ گەنجان و سلفەی خانوبه‌ره‌مان بۆ خەڵكی كوردستان لە كابینەی پێنجەمدا دەركردووه. ئێمه بووین دەستمان كرد بە یارمەتیدانی جوتیاران و دانانی نەخشەی ستراتیژی بۆ پێشخستنی كشتوكاڵ، هەرچەند ئەوكات بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی دواتر، بودجەی حكوومەت زۆر كەم بوو.
بەداخەوە لە كابینەی حەوتەمدا حكومەتمان بە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینار قەرز وەرگرتەوە. حكومەتمان بە دەیان هەزار موچەخۆری زیاترەوە وەرگرتەوە، كە ئەوەش دواتر بووە بارێكی گەورە بەسەر حكومەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شانمان دایەوە بەر و بە یارمەتيی هاوكارانم لە حكومەت، دەستمان بە ڕێكخستنەوەی كرد، بەڵام خۆشه‌ویستان بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، شەڕی داعش كه له‌م شه‌ڕه‌دا هێزه‌كانی ئێوه، ڕۆڵه‌كانی ئێوه ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان هه‌بوو كه له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه بوون بۆ به‌رگریكردن له كوردستان، هه‌ر له‌م شه‌ڕه‌دا ئه‌و سه‌رۆكه‌ی كه سه‌ركردایه‌تیی ئه‌م حزبه ده‌كات له پێشه‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ بوو بۆ به‌رگریكردن له كوردستان، شه‌ڕی داعش و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان، دابەزینی یەكجار زۆری نرخی نەوت، هه‌موو ئه‌وانه وایانكرد پلان و كاری ڕاستكردنەوەی بارە تێكدراوەكە، تا ڕادەیەكی زۆر په‌یوه‌ست بێت به كاته‌وه. ئەمساڵ یەكێك لە پڕۆژە زۆر گەورەكانی چاكسازییەكی بنەڕەتیمان دایە پەرلەمان به هیوای ئه‌وه‌ی كه جێبه‌جی بكرێت.
بەڕێزان..
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە باوەڕێكی نەگۆڕی بە مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی كورد لەسەر خاكی وڵاتەكەی هه‌بووه. لە هەمان كاتدا خەباتی كردووە كە كورد و گەلی كوردستان بەگشتی ئەو مافەی خۆی بە ڕێگەیەكی ئاشتیانە مومارەسە بكات. لەبەر ئەوەش پارتی دیموكراتی كوردستان و جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى ڕۆڵی سەرەكييان هەبووە لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتی پێكەوەژیانێكی یەكسان بۆ هه‌موو پێكهاتەكان، یان ببێتە خاوەن سیستەمێك كە نادادپەروەرییەكان بە دیالۆگ و ڕیفراندۆم چارەسەر بكات، نەك به شه‌ڕ.
به‌ڕێزان، پاييزى ساڵى ڕابردوو كەسانێك هەبوون پیلانیان دانابوو، هانی هێزە چەكدارەكانی عێراقیان دەدا هێرش بكەنە سەر هەولێر و دهۆك و قه‌واره‌ى ده‌ستووري هه‌رێمى كوردستان له‌ناو به‌رن، ئه‌و هێزانه ده‌یانه‌ویست سلێمانى له هه‌ولێر جیا بكه‌نه‌وه، ده‌یانه‌ویست سلێمانی و ئه‌م سنووره له هه‌ولێر و دهۆك دابڕن و دوو ئيداره‌يى دروست بكه‌نه‌وه، بەڵام خۆشه‌ویستان، به‌ڕێزان، ڕۆڵه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه لە پردێ و سحێلا، به یەكدەنگيی گه‌لى كوردستان لە دژی ئەو پیلانە وه‌ستانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌رگریه‌ی هێزه‌كانی پارتی له پردێ و سحێلا نه‌بوایه، دیار نه‌بوو ئه‌مڕۆ داهاتووی كوردستان چۆن ده‌بوو. ئه‌و شه‌ره‌فه، شه‌ره‌فی به‌رگریكردن له كوردستان بۆ ئێوه، بۆ پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه، بۆ پارتییه‌كه‌ی ئێوه و بۆ سه‌رۆكی ئێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی،
پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوویەكی پرشنگداری لە بزووتنەوەی دیموكراسی له عێراقدا هەیە. هەركاتێك زەمینەی بەشداريی سیاسی بۆ پارتی هەبووبێت، پارتی ڕۆڵێكی گەورەی دیموكراسیانە و ئاشتیانەی لە عێراقدا گێڕاوە. ئێستاش دەمانەوێ كار بۆ ئاراميی عێراق و هەموو ناوچەكە بكەین، چونكە بەرژەوەنديی كوردستان لە ئاشتیدایە، نەك لە شەڕ و نائارامبوونی ناوچەكەدا. لەبەر ئەوە ئێستاش لایەنە عێراقییەكان وەك لایەنێكی سەرەكی بۆ داهاتوو، تەماشای پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن و قسەی لەگەڵ دەكەن.
خۆشه‌ویستان،
سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی لەلایەن هەندێ كەس و لایەنی ناوخۆیييه‌وه دژی پارتی ئەنجام دران، ئێمە داوا دەكەین دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق پێكەوە به يه‌كگرتوويى دابنیشین و پێكەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوە عەرەبییەكانی عێراقدا بكەین. بارودۆخی عێراق سەختە، لەپێناو بەرژەوەنديی خەڵكی كوردستان و خەڵكی عێراق بەگشتی، پێویستە ئێمە لە عێراقدا تەواو یەكگرتوو بین.
جارێكی دیكە من ده‌مه‌وێ بەخێرهاتنی هه‌موو لایه‌كتان بكه‌م، بۆ پاراستنى مافه‌كانتان، بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى، بۆ ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتن، بۆ ده‌سكه‌وتى زياتر بۆ كوردستان، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى كوردستان، ڕۆژى ده‌نگدان ده‌نگ بده‌ن به ليستى ١٨٤، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، دڵنیام له‌وه‌ی ئێوه به سه‌ربه‌رزی ده‌مێننه‌وه، دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌و ئیرهابه فیكریه‌ی به شێوه‌یه‌كی سستماتیك له‌م ده‌ڤه‌ره دژی پارتی ده‌كرێت، به هیممه‌ت و پشتیوانیی ئێوه، ئه‌و ئیرهابه فیكرییه له‌گۆڕ ده‌نێین. ڕۆژی ده‌نگدان ئه‌م هه‌ڤاڵانه‌ی كه لێره له پشتی من وه‌ستاون و كاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هه‌موویان پێتان ده‌ڵێن كه نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه ده‌بن و ده‌چنه به‌غدا به مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له مافه‌كانی ئێوه، هیوادارم ئه‌و ڕۆژه هه‌مووتان به گوڕوتینه‌وه به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و سه‌ندوقه‌كانی ده‌نگدان بچن و ده‌نگ به لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن و په‌نا به‌خوا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا به خۆشی و هێز و گوڕ و تینێكی زیاتره‌وه یه‌كتری ده‌بینینه‌وه.