نوچەنێت: تایبەت
لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، حزبەکان بۆ شکاندنی یەکتر. پەنا دەبەنە بەر بڵاوکردنەوەی وێنەو گرتە ڤیدیۆی ژنانی کاندید. چالاکوانان، ئەوە بە سوکایەتی و رێگرتن لە بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی دەزانن.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتانە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوو وتاردا، ئیدانەی ئەم کارەی کرد و گوتی “زۆر بەداخەوە شکاندنی ژنان و هەوڵی ناوزڕاندنیان. بۆتە شیوازێکی دیکەی ناشیرین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاکار و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێت. ئێمە بە تەواوی سەرزەنشتی ئەم رەفتارە دەکەین”.
جگە نێچیرڤان بارزانی، تائێستا لە ئاستی باڵای حزبەکاندا، هیچ سەرکردەیەک بەم جۆرە. ئیدانەی ئەم کارەی نەکردووە و میدیاکانیش بە جددی کاریان لەسەر نەکردووە.
مهاباد قەرەداغی، نوسەر و روناکبیر، نوێترین کتێبێکی بەناوی “ئافرەتیزم” بڵاوکردۆتەوە و پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی کردووە. سەبارەت بە هەڵوێستی حزب و سەرکردەکان دەربارەی نازڕاندنی ژنان گوتی ” تا ئێستاش نێچیرڤان بارزانی، تاقە سەرکردەیە، کە بە بڕواوە بەرگری لە ژن دەکات و پشتیوانیشی لێدەکات”.
سەبارەت بە کارەکانی نێچیرڤان بارزانی، بۆ پشتگیری لە ژن دەڵێت “نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی ٢٠٠٥ سیاسەتی یەکسانی راگەیاند و تائێستاش بەردەوامی پیدەدات، بەڵام مخابن لە ناو سەرکردەکاندا ئەو تەنیایە و زۆربەی ئەوانیتر، کە خۆیان بە رۆشنفکر دەزانن و جیاواز و مەدەنی لە پرسی ژندا بێ هەڵوێستن”.
شایانی باسکردنە، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ سیاسەتی یەکسانی پەسەندکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی دژ بە ئافرەتانیان دامەزراند. دواتر یاسایەکی تایبەت بە توندوتیژی خێزانی دەرچوو. هەروەها یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە، وێڕای ئاستەنگەکان، کە هەموو ئەم کارانە کاریگەری و رۆڵی گرنگیان لە کەمکردنەوە و بەدواداچوونی کێشەکانی ژنان بینی و بوونە جێی باس و گفتوگۆ.
بۆیە زۆربەی ژنان، لە کارکردن بۆ کەمکرنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەری لەسەر دەرچوونی یاسای کاریگەر وێڕای ئاستەنگەکان، بە تاکە سەرکردەی دەزانن، کە بە راشکاوی پشتگیری لە دۆزی ژنان دەکات و کاری بۆ دەکات.