نێچیرڤان بارزانی: ئیرهابی فیکری دژی پارتی لە گۆڕدەنێین

0

نوچەنێت

ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سلێمانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەری بانگەشەی لیستی ١٨٤ی حیزبەکەی رایگەیاند، لە شاری سلێمانی ئیرهابی فیکری دژی پارتی دەکرێت، بەڵام بە پشتیوانی ئێوە لەگۆڕی دەنێین. دەشڵێت ” هەندێک لایەن هەن دەیانەوێ سلێمانی لە کوردستان جیا بکەنەوە”.

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ٤-٥-٢٠١٨، لە شاری سلێمانی بەشداری ئاهەنگێکی جەماوەری حیزبەکەی کرد و لە گوتارێکدا باسی چەند پرسێکی کرد.

جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەندێک لایەن هەن دەیانەوێ سلێمانی لە کوردستان جیا بکەنەوە، لە کاتێکدا ئەو شارە مەڵبەندی خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد بووە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە حزبەکەی بەردەوام هەوڵ دەدات وەک هەولێر و دهۆک، خزمەتی سلێمانی بکرێت و حکومەتیش بەردەوام کاری بۆ ئەوە کردووە.

جێگری سەرۆکی پارتی پێی وایە بەشێک لە سیاسەتمەدارەکانی سلێمانی هەوڵ دەدەن شکستەکانی خۆیان بخەنە سەر ئەستۆی پارتی، ئەوانە بەرپرسن لە نەبوونی خزمەتگوزاری لە سلێمانی، کە شارەکە بەڕێوە دەبەن نەک پارتی.

نێچیرڤانی بارزانی ئاشکرای کرد، کە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، سلێمانی بودجەی تایبەتی خۆی هەیە و دەنێردرێتە ئیدارەی ئەو شارە، بەڵام ناخرێتە خزمەتی هاوڵاتییان.

جێگری سەرۆکی پارتی هەروەها رایگەیاند، کە هەندێک حزب شەڕ بە سلێمانی دەکەن، بەڵام پارتی ”شەڕ بۆ سلێمانی دەکات“.

نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بە خەڵکی هەڵەبجە دا، کە وەک چۆن حزبەکەی کاری کرد بۆ بەپارێزگاکردنی شارەکە، لە بەغدا هەوڵی زیاتر دەدا بۆ چەسپاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

ئەو سەرکردەیەی پارتی بە ئاماژەکردن بەوەی پارتی لە کوێ بەهێزبێ، ئاوەدانی لەوێیە، داوای لە هاوڵاتییانی سنوورەکە کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بە لیستی ١٨٤ـی پارتی بدەن.

هەروەک جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، ”ئەگەر ئەو دەستە ناوخۆییانەی هەوڵیان دا  پێگەی کوردستان لاواز بکەن و رۆژانە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدایان دەکرد“، ئەوا کێشەکانی کوردستان زووتر چارەسەر دەکران.

نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی هەندێک لایەن دەیانویست سلێمانی لە هەولێر و دهۆک جیا بکەنەوە، رایگەیاند، کە ئەو هێزانە هانی هێزە عێراقییەکانیان دەدا هەولێر و دهۆک داگیر بکەن، بەڵام پارتی لە پردێ و سحێلا ئەو خەونەی هێزە عێراقییەکانی لەگۆڕنا.

لەپێناو خەڵکی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد لە بەغدا بە یەکگرتوویی هەنگاو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتی زیاتر، بنێن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com