نوچەنێت
لەگەڵ ئەوەی لە پەیڕە و پرۆگرامی حزبەکاندا، پاراستنی مافی ژن و سوکایەتیکردن بە کەسایەتی ژن بۆ بابەتی سیاسی، بە هێڵی سوور دیاریکراوە، بەڵام لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، حزبەکان بۆ شکاندنی یەکتر. پەنا دەبەنە بەر بڵاوکردنەوەی وێنەو گرتە ڤیدیۆی ژنانی کاندید. چالاکوانان، ئەوە بە سوکایەتی و رێگرتن لە بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی دەزانن.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم گرتانە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوو وتاردا، ئیدانەی ئەم کارەی کرد و گوتی “زۆر بەداخەوە شکاندنی ژنان و هەوڵی ناوزڕاندنیان. بۆتە شیوازێکی دیکەی ناشیرین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاکار و داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی ناگونجێت. ئێمە بە تەواوی سەرزەنشتی ئەم رەفتارە دەکەین”.
جگە لە نێچیرڤان بارزانی، تا ئێستا لە ئاستی باڵای حزبەکاندا، هیچ سەرکردەیەک بەم جۆرە، ئیدانەی ئەم کارەی نەکردووە و میدیاکانیش بە جددی کاریان لەسەر نەکردووە.
دکتۆرە ڤیان سلێمان، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە هەوڵی ناوزڕاندنی ژنان، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە نوچەنێتی گوت “بەداخەوە لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا، ئافرەت وەکو چەکێک بۆ شکاندن و منافەسەی سیاسی بەکاردەهێنرێت، پێویستە رەخنە و رکابەرییەکان لەسەر بنەمای کاربێت، نەک جەستەی ژنان بکەنە ئامرازی رکابەری سیاسی، ئەوە شکاندنی شکۆی ژنە وەکو مرۆڤێک”.
سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتان دەڵێت “لەبەرئەوەی لە رابردوودا ئەم کارانە کراون و کەسەکان بە سزای یاسایی نەگەێشتوون، ئێستا زیاتر پەرەی سەندووە، ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەیە، کە ئەو گرتەو وێنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناونیشان و ئەکاونتی ساختە بڵاودەکرێنەوە بەشێکیش بۆ خراپی یاساکەیە، کە جگە لە کەسی تاوان لێکراو کەسی تر ناتوانێ سکاڵای یاسایی، لەسەر ئەم بابەتە تۆماربکات”.
کنێر عەبدوڵڵا، نووسەر و سەرنوسەری گۆڤاری تەوار، لەبارەی ناوزڕاندنی ژنان بۆ مەرامی سیاسی، گوتی “ناوزڕاندنی ژنان به‌زۆری له‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا و بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆی سێکسی (له‌کاتێکدا هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆیی، کارێکی شه‌خسییه) مه‌به‌ست لێی به‌کارهێنانی و لێدان و سنوردانانه بۆ ژن وه‌ک ڕه‌گه‌ز، که ئامانج لێی ترساندن و تۆقاندن و پاشه‌کشه پێکردنێتی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا، که ئه‌مه به دیوێکی تردا هێز و سه‌نگ و چوونه‌پێشه‌وه‌ی زیاتری به‌شداربوونی چالاکانه‌ی ژنان نیشان ده‌دات له نێوه‌ندی جومگه‌کانی سیاسه‌تدا، بۆیه له به‌رامبه‌ریدا عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری مرۆڤه‌کان وه‌ک چه‌کێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کاری ده‌هێنن به‌مه‌به‌ستی راچڵه‌کاندن و وه‌ستاندنیاندا، که یه‌کانگیره له‌گه‌ڵ کولتووری باوی کۆمه‌ڵ به‌گشتی”.
سەبارەت بە هەڵوێستی سەرکردە و حزبە سیاسییەکان، بەرامبەر بەم کارە، کنێر عەبدوڵڵا بۆچوونى وایە “ئه‌مه له‌کاتێکدایه په‌یڕه‌و-و پرۆگرامی حزبه‌کان به‌گشتی، ئه‌م نه‌ریته ره‌ت ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام عه‌قڵیه‌تی نێو حزبه‌کانیشه به‌کاریده‌هێنن دژ به یه‌کتری به ئامانجی تێکشکانی ئه‌ویتر، بۆیه خودی حزبه‌کان به پله‌ی یه‌که‌م به‌رپرسیارن له به‌رامبه‌ر لێپیچینه‌وه و بێده‌نگ نه‌بوون له به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانیدا، چونکه به هه‌موو پێوه‌رێک دووره له بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و به‌ها ئه‌خلاقییه‌کاندا، که به‌داخه‌وه هیچ کۆمه‌ڵێک لێی بێ به‌ش نییه به‌ڕێژه و شێوازی جیاجیا”.
هەروەها ڤیان سلێمان دەڵێت “دەبوایە سەرکردەکانی تریش وەکو نێچیرڤان بارزانی، ئیدانەی ئەم کارەیان بکردایە، چونکە کاریگەری هەیە. کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، بە جۆرێکە، کە باوەڕی تەواوی بە یەکسانی ژن و پیاو، و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەیە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەو، سیاسەتی یەکسانی دارێژرا، هەروەها بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی دامەزران. یاسای باری کەسێتی هەموار کرایەوە، ئەوەش نیشانەی باوەڕی ئەوە بە یەکسانی جێندەری”.
مهاباد قەرەداغی، نووسەر و روناکبیر، نوێترین کتێبێکی بەناوی “ئافرەتیزم” بڵاوکردۆتەوە و پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی کردووە. سەبارەت بە هەڵوێستی حزب و سەرکردەکان دەربارەی ناوزڕاندنی ژنان گوتی ” تا ئێستاش نێچیرڤان بارزانی، تاقە سەرکردەیە، کە بە بڕواوە بەرگری لە ژن دەکات و پشتیوانیشی لێدەکات”.
سەبارەت بە کارەکانی نێچیرڤان بارزانی، بۆ پشتگیری لە ژن دەڵێت “نێچیرڤان بارزانی، لە ساڵی ٢٠٠٥ سیاسەتی یەکسانی راگەیاند و تائێستاش بەردەوامی پیدەدات، بەڵام مخابن لە ناو سەرکردەکاندا ئەو تەنیایە و زۆربەی ئەوانیتر، کە خۆیان بە رۆشنفکر دەزانن و جیاواز و مەدەنی لە پرسی ژن‌دا بێ هەڵوێستن”.
حەیات مەجید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند “شکاندنی ژنان بۆ مەبەستی سیاسی، بۆتە باو هەرچەندە کاریگەری لەسەر پیاویش هەیە، بەڵام ئەم کاریگەرییە زیاتر لەسەر ژنانە. لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا زیاتر ژنان کراونەتە ئامانجی حزبە سیاسییەکان بۆ شکاندنی یەکتر. لە ڕابردووش‌دا ئەمجۆرە کارانە هەبوو، بەڵام لە ئێستادا زیاتر پەرەی سەندووە”.
بە بڕوای حەیات مەجید، بڵاوکردنەوەی ئەم گرتەو- وێنانە بۆ ئەوەیە، کە “دەیانەوێ ژن لە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی سڵ بکاتەوە. بەداخەوە لە میدیاش نەبۆتە باسێکی گەرم و گوڕ و ئیدانە نەکراوە. هەروەها لەسەر ئاستی باڵای حزبەکان بەهەمان شێوە. ئەگەر هەر کەس رێنمایی بە حزبەکەی خۆی بدات بێ گومان ئەوە پەرە ناسێنێت بەم شێوەیەی ئێستا”.
حەیات ئەوەشی خستەڕوو، کە “نێچیرڤان بارزانی، تاکە سەرکردەیە کە بە بەردەوامی پشتیوانی لە دۆزی ئافرەت کردووە و بەردەوامە. ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی ئەو نیگەرانییەمان گەیاندۆتە سەرووی خۆمان و بە دەنگیشمانەوە هاتوون، هیوادارم سەرکردەکانی تریش وەکو نێجیرڤان بارزانی گرنگی بە بواری ژن بدەن”.
شایانی باسکردنە، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ سیاسەتی یەکسانی پەسەندکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندووتیژی دژ بە ئافرەتانیان دامەزراند. دواتر یاسایەکی تایبەت بە توندوتیژی خێزانی دەرچوو. هەروەها یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە، وێڕای ئاستەنگەکان، کە هەموو ئەم کارانە کاریگەری و رۆڵی گرنگیان لە کەمکردنەوە و بەدواداچوونی کێشەکانی ژنان بینی و بوونە جێی باس و گفتوگۆ.
بۆیە زۆربەی ژنان، لە کارکردن بۆ کەمکرنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەری لەسەر دەرچوونی یاساکان و وێڕای ئاستەنگەکان، بە تاکە سەرکردەی دەزانن، کە بە ڕاشکاوی پشتگیری لە دۆزی ژنان دەکات و کاری بۆ کردووە.