لە هێرشکردنە سەر کاندیدە ئافرەتەکان هۆشداری دەدرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌رگرى له‌مافى ئافره‌تان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر رێگری نەکرێت لە ناو زڕاندن و هێرشکردنە سەر کاندیدە ئافرەتەکان، ئەوا لەحاڵەت دەردەچن و دەبنە دیاردە، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە لەهەڵبژاردنێکی دیکە ئافرەتان کەمتر دەوێرن خۆیان کاندید بکەن.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، هێرشێکی زۆر بۆ سەر کاندیدانی ئافرەت دەستیپێکردووە و چالاکوانان و مافناس و یاسا ناسەکان، مەترسی ئەم جۆرە حاڵەتانەیان راگەیاندووە و هۆ شداری دەدەن لەوەی ئەگەر رێگری لێ نەکرێت، لەحاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەمەش دەبێتە لەمپەر لەبەردەم چونە پێشەوەی ئافرەتان بۆ پڕۆسەی سیاسی.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، کەژاڵ هادی فەقێ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو، و  جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌رگرى له‌مافى ئافره‌تان، لەپەرلەمانی کوردستان، کە هاوکات کاندیدە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە ناوزڕاندنی کاندیدە ئافرەتەکان رایگەیاند “ئەگەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق،ڕێگری نەکەن لەناو زڕاندن و هێرشکردنە سەر کاندیدە ئافرەتەکان، ئەوا لەحاڵەت دەردەچن و دەبنە دیاردە، ئەمەش خزمەت بەتوێژی ئافرەتان ناکات، وا لەئافرەتان دەکات کەترسێکیان بۆ دروستبێ و ببێتە لەمپەر لەبەردەم خۆکاندیدکردنی ئافرەتان، لەبەرئەوە دەبێت بەهەر شێوازێک بێت ئەم حاڵەتانە رێگرییان لێبکرێت”.

کەژاڵ هادی فەقێ، دەڵێت “دەمانبینی، کە چۆن هێرشێکی زۆر دەکرا سەر پەرلەمانتارانی ئافرەت، بۆیە لەماوەکانی رابردوو لەپەرلەمانی کوردستان، هەوڵی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی بەیاسا رێگری لێبکرێت، یان ئەوتا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ستراتیجی هەبێت، بۆ بنەبڕکردنی ئەم جۆرە حاڵەتانە”.  

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو داواش لەئافرەتان دەکات، کە هەر ئافرەتێک خۆی کاندید دەکات یان داوای هەر پۆستێک دەکات سڵنەکەنەوە، چۆن بوێرانە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، بەهەمان شێوە بەردەوامبن.

هەروەها کەژاڵ هادی گوتیشی “هەر پڕوپاگەندەیەکیش بکرێت، بەپێچەوانەوە زۆر جاری وا هەبووە خزمەتی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، لە ئاستی ئەم جۆرە دیاردانەدا بێدەنگ نەبن و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ نەهێشتنی، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە لە هەڵبژاردنێکی دیکە ئافرەتان کەمتر دەوێرن خۆیان کاندید بکەن ئەوەی، کە کراوە بەرامبەر کاندیدە ئافرەتەکان، بەتایبەت لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەی ئێستا، ژنان کەمتر دێنە پێشەوە بۆ خۆ کاندیدکردن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com