نوچەنێت: تایبەت
هەریەکە لە مالیکی و قەیس خەزعەلی لە بانگەشەکانیاندا بۆ هەڵبراژردنی ئەم جارەی عێراق، باس لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە دەکەن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەڵێت “پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە پێچەوانەی دەستوورە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەیە”.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٣٢٠ پارت و هاوپەیمانی بە بوونی ٧٣٦٧ کاندید بەشدارییان کردووە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەش پێویستە ئەو لایەنە ٥٠+١ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنابێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بانگەشە بۆ حکومەتی زۆرینە لە عێراق رایگەیاند: گەر بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانی وەها حکومەتێک لە دوای هەڵبژاردن سەر بگرێت، ئەوا کۆتایی بە یەکپارچەییی خاکی عێراق دێت، چونکە لەو نێوەندەدا کورد و سوننە زەرەمەند دەبن.”
عەرەفات کەرەم دەشڵێت “کورد نەیتوانی بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمان بێت، بە هیوایە لە دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییەکی بەهێزی کورد دروست بکەن، تاوەکو لە بەرامبەر ئەو هەوڵەدا یەکدەنگ بن.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە، باشترین شت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی و یەکڕیزیی سەرجەم لایەن کوردستانییەکانە، تاوەکو بتوانن دەستکەوتی زیاتر بە دەستبهێنن.