نوچەنێت: نوچەنێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێکاری تایبەت بۆ مانگی رەمەزان دەگرێتە بەر و هۆشداریی دەداتە ئەوانەی بە رۆژوو نابن و هەر کەسێکیش لە شوێنە گشتییەکان خواردن و خواردنەوە بخوا و بخواتەوە، بە زیندانیکردن، کە دەگاتە 6 مانگ، سزا دەدرێت. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم دەڵێت “دەرکردنی بڕیاری لەو شێوەیە پەیوەندی بە هەرێمەوە نییە”.
لە مانگی رەمەزاندا، کە ئەمساڵ پێشبینی دەکرێ، یەکەم رۆژی بکەوێتە ١٥ یان ١٦-٥-٢٠١٨، موسڵمانان لە نوێژی بەیانی تا نوێژی ئێوارە (مەغریب)، هیچ خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆن و ناخۆنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە رایگەیاند “ئێمە بڕیار و رێنمایی تایبەت بە خۆمان هەیە و پابەندی بڕیاری بەغدا نابین”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان سزامان دیاری نەکردووە و تەنیا رێنوێنییە و بە هیچ شێوەێەک پابەندی بڕیاری بەغدا نابین.