نوچەنێت
هەرێمی کوردستان و ئێران ریککەوتنێکیان لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان واژۆکرد. بەگوتەی وەزیری بازرگانی ئێران، رێککەوتنەکە بناغەیەکی باشە بۆ درێژەپێدانی هاوکارییەکان.
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢-٥-٢٠١٨، بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک وەزیر و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر دەستیپێکرد.
د. محەممەد شەریعەتمەداری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، هەموو هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوانمان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەو روانگە گەشانەی داهاتوو، کە لەپێشمانە دەستنیشانکران.
وەزیری پیشەسازی، کانزاکان و بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی “ئامادەبوونمان لەم کۆنفرانسە بۆ هاوکارییە ئابوورییەکان و گەڕان بەدوای ئەو دەرفەتانەیە کە دەکڕێت لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق ئاڵۆگۆڕیان پێبکرێت بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا بە ئامادەبوونی هەموو چالاکانی ئابووری هەردوولا، هەموو هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوانمان گفتوگۆی لەبارەوە کرا و ئەو روانگە گەشانەی داهاتوو کە لەپێشمانە دەستنیشانکران. هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەپێدانی هاوکارییەکان دەستنیشانکران و وردتر قسەیان لەبارەوە کرا”.
لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شەرێعەتمەداری گوتی “گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی زۆر باش و بنیاتنەر بوون و داهاتوویەکی گەش لە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق پێشبینی دەکەین”.
وەزیری پیشەسازی ئێران لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان گوتی “لە کۆتایی ئەم سەردانەدا رێککەوتنێک لەنێوان وەزیری بەڕێزی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران و جێگری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران واژۆکرا، کە ئەو رێککەوتنە بناغەیەکی باشە بۆ درێژەپێدانی هاوکارییەکان. کۆمیتەیەکی هاوبەشیش بۆ بەدواداچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستبووە، کە لە ئەمڕۆ بەدواوە بە پاڵپشتی رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و باڵیۆزخانەکانی ئێران لە عێراق و عێراق لە ئێران، پرسەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. کە پێدەچێت ئەمەش هەنگاوێکی باش بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان”.