نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسی راگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، حیزبەکەی لە ناو بازنەی ئەو گۆڕانکارییەدا نییە، کە بەسەر دەنگی لایەنەکان دێ لە سلێمانی، دەشڵێت “لە سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش دەنگەکانمان لەهەڵکشان و زیادبووندایە”.
بڕیارە ١٢-٥-٢٠١٨، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە سەرجەم پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، چاوەڕواندەکرێت دەنگی کورد بەگشتی لەم هەڵبژاردنە کەم بکات، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دروستبوونی هێزە نوێیەکانی کوردستان، رەنگە گۆڕانکاری بەسەر دەنگی لایەنە کوردستانیەکان بێنێت، بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شێخ عەتا بەرپرسی راگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، سەبارەت بە دەنگی حیزبەکەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو بازنەی ئەو گۆڕان کارییەدا نییە، کە بەسەر دەنگی لایەنەکان دێ لە سلێمانی، چونکە پارتی هیچ لق و پۆپێکی لێ جیانەبووەتەوە، وەک هێزە سیاسیەکانی دیکە.
بەرپرسی راگەیاندنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، دەڵێت “پارتی وەک جەستەیەکی یەکگرتوو ماوەتەوە و دەنگدەرەکانی خۆشی هەر ماوە، جگە لەوەش پارتی هێزێکی خاوەن ستراتیجە و خەڵک دەنگ بەستراتیجی پارتی دەدات، پارتی پڕۆژە و پەیامی هەیە بۆ ئایندەی سیاسی لە عێراقدا، بەپێچەوانەوە لایەنەکانی دیکە ئەوەی هەیانە دژەکردەوەیە لەسەر بەرنامەکەی پارتی”.
هەروەها شێخ عەتا گوتی “پارتی خاوەنی پڕۆژە و ستراتیج و پەیامی نەتەوەییە، هێزەکانی دیکە بە پێچەوانەی ئەون، بۆیە خەڵک هۆشیارە بەتایبەت لە سلێمانی، پێمان وایە، رێژەی دەنگەکانی پارتی سەردەکەوێت، لەبەر ئەوە دیارە پارتی لەماوەی رابردوودا لەپێشەوەی سەنگەری پاراستنی کوردستان بووە، هەروەها لەپێشەوەی شکاندنی ئەو تەحەدییە هەرێمی و ناو خۆییانە بووە، کە ڕووبەڕووی پڕۆسەی سیاسی، دیموکراسی و ئازادییەکانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بووەتەوە”.
ئەو پەرپرسەی پارتی لەسلێمانی جەختیشیکردەوە لەوەی، حیزبەکەی هێزی یەکەم و دەنگی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت “دڵنیاین لەوەی، کە پارتی وەک هێزی یەکەم دەمێنێتەوە، لە سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش دەنگەکانمان لە هەڵکشان و زیادبووندایە”.