نوچەنێت
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چوونەوەی پارتەکەی بۆ پەرلەمانی بەغدا بۆ پاراستنی مافەدەستوورییەکانی کوردستان و بۆ دەستکەوتی زیاتر ناوبرد. گوتیشی “ئەگەر بەرەو ریفراندۆم چووین دەمانویست بە بەغدا بڵێین، کە ئیدی بەسە و دەبێ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن”.
ئەمڕۆ سێشەممە ١-٥-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە بانگەشەی پارتەکەیدا لە شەقڵاوە کرد و گوتارەکەی خۆی بە شیعرێکی مامۆستا هەژاری موکریانی دەستپێکرد و گوتی:
زۆر لەمێژە و بەر لە مێژوون سەربڵندی و بوون و ژینم
هەر هەم و هەر چین لەدوای چین مەرگی داگیرکەر دەبینم
دووژمنانی کورد گەلێک هاتوونە سەرم و راونراون
من لە مەیدانی خەباتا هەر چەقیوم، من سەفینم.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند “قسەکەم ئەوەیە چۆن مامۆستا هەژار لە شیعرەکەی خۆیدا فەرمووی، کورد لە مەیدانی خەباتا چەقیوە و سەفینە، ئەمڕۆش لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێمە وەکو پارتی دەڵێین، ئێمە لە مەیدانی خەباتا چەقیوین، ئێمە سەفینین”.
نێچیرڤان بارزانی گوتی “وەک هەموو جار دووپاتی بکەنەوە، کە پارتی حیزبی شۆڕش و خەبات، حیزبی مێژوو و سەروەری و حیزبی راپەڕین و سەرکەوتن و دەستکەوتەکان و حیزبی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و حیزبی رابردوو و ئێستا و ئایندەیە. دەبێت ئیسپاتی بکەین، کە پارتی پارێزەری کوردستانە وەک هەمیشە، حیزبی یەکەمی کوردستانە و حیزبی یەکەمی کوردستانیش دەمێنێتەوە”.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتی “خەڵکی کوردستان مافە رەواکانی خۆیان دەوێت، ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانی و ژیان و خۆشگوزەرانی و ئایندەیان دەوێت. هێزێکیان دەوێت کە بیانپارێزێت و بەرگرییان لێبکات. خەڵکی کوردستان بە ئەزموون بینیویانە و بۆیان دەرکەوتووە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئەوانە و زیاتر و زیاتریش دەستکەوتیان دەبێت، لەبەر ئەوە لە رۆژی دەنگدان دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن”. هەروەها گوتی “خەڵکی کوردستان دەزانن کە لەگەڵ پارتی، ئەمڕۆیان باشترە، ئایندەیان گەشترە، وڵات ئاوەدانترە، ئاسایش بەرقەرارە و سەقامگیریش بەرقەرار دەبێت”.
نێچیرڤان بارزانی گوتی “پارتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و مانەوەی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان، بۆ داواکردن و دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بۆ ئایندەیەکی باشتر و گەشتر بۆ گەنجانی کوردستان دەچێتە بەغدا، نەک بۆ ململانێ و شەڕی بێمانای سەر تەلەڤزیۆنەکان. کوردستان لە بەغدا پێویستی بە پارێزەرێکی سەرسەختی وەک پارتی هەیە کە تەنیا و تەنیا خەمی کوردستانی بێت و لە پێناو بەرژەوەندی کوردستان خەبات بکات و هەوڵبدات و تێکۆشان بکات”.
جێگری سەرۆکی پارتی باسی ئەوەیکرد کە حیزبەکەی بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی کوردستان دەچێتە بەغدا نەک پلە و پۆست و رایگەیاند: “پارتی گرێی وەرگرتنی پلە و پۆستی نییە، ئەگینا زۆر بە ئاسانی دەیتوانی ئەو شتانە وەربگرێت و هیچ کێشەیەکیشی نەبوو، ئەوەی بە نیسبەت پارتییەوە موهیممە ئەوەیە کە چۆن پارێزەرەی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بن، چۆن بتوانن ئەو دەستکەوتانەی کە بەخوێنی شەهیدەکانی کوردستان، بە ماندووبوونی خەڵکی کوردستان، بەدەستهاتووە بیپارێزن، پەرەی پێبدەن و بیپارێزن، لەو پێناوەیە ئێمە دەچینە بەغدا”.
لەبارەی ئەو پرسیارانەی کە دەکرێن پارتی دوای ریفراندۆم بۆ دەچێتەوە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە و گوتی: “خەڵکانێک بۆ ئەوەی ئێوە سارد بکەنەوە لە خەبات و بۆ ئەوەی جدی نەبن، دەڵێن باشە ئەگەر پارتی ریفراندۆمی کرد بۆ دەچێتە بەغدا؟ ئەمە پرسیارێکە زۆرجار دەکرێت. من دەمەوێت لێرەوە پێتان بڵێم، ئێمە کە ریفراندۆمیشمان کرد یەک درووشممان هەبوو، کە کێشەکان بە دیالۆگ لە چوارچێوەی دەستوور لە عێراقدا چارەسەر بکرێت، ئەمە بووە بەرنامەی ئێمە. ئێمە ئەگەر بەرەو ریفراندۆم چووین دەمانویست بە بەغدا بڵێین کە ئیدی بەسە دەمانەوێت پێیان بڵێین کە دەبێ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن و دەبێ ئەوەی کە ئەم گەلە خەباتی بۆ کردووە، قوربانی بۆ داوە و شەهیدی بۆ داوە بپارێزرێت و ئەو دەستکەوتانەش زیاتر بکرێن، پارتی بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا”.
نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئێمە پێیان دەڵێین، کە پارتی رۆژێک پێش و رۆژێک پاش ریفراندۆم و ئێستایش دووپاتی دەکاتەوە، دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین، لەهەموو دۆخێکدا بەغدا بە هاوبەشی گرینگی کوردستان دەزانین. بۆیە بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان تاوەکو دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ هەبێت پارتی هیچ شێوازێکی دیکە ناگرێتە بەر و داوا دەکات کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن”.
جێگری سەرۆکی پارتی گوتی “لە دامێنی چیای سەفینەوە بە راشکاو دەڵێین، کە پارتی بڕوای تەواوی بە مافی چارەنووس هەیە، لێرە، لە بەغدا و لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانە خەباتی بۆ دەکات و هەوڵی بۆ دەدات و لەو پێناوەشدا ئەوەی بۆی بکرێت خەبات دەکات و جێبەجێی دەکات”.
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە، کە پارتی بە سەنگەوە وەکو هێزی گەورەی کوردستان بەشداریی لەم هەڵبژاردنانەدا بکات و ئەوەی، کە ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە، کە هەموو لایەنەکان پێکەوە لە بەغدا یەکڕیز و یەکگرتوو بین بۆ ئەوەی پێکەوە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو ئەو گەلانە بکەین، کە لە کوردستان دەژین. دووپاتیدەکەینەوە ئەو شەڕە بێ ئەنجام و یەکتر شکاندنە بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی خانمان بە تووندی رەتدەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین.