نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە رۆژی دووشەممەوە، پڕۆسەی دابەشكردنی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٧ی جوتیارانی سنوری پارێزگای هەولێر دەستیپێكردووە و لەم هەفتەیەدا، سەرجەم جوتیاران پارەكانیان لەبانکەکانی هەولێر وەردەگرن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “لەرۆژی دووشەممەوە ٣٠-٤-٢٠١٨، دەستکراوە بەدابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٧ی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەشێکی زۆری جووتیاران پارەكانیان لە بانكەكانی هەولێر وەرگرتوە و لەم هەفتەیەش دا پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە کۆتایی دێت و سەرجەم جووتیاران پارەکانیان وەردەگرن”.
سەبارەت چەکی پارەی گەنمی ساڵی ٢٠١٦، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم، دەڵێت “بەغدا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی ٣٠ ملیار دینار دەربڕووە، بەڵام هێشتا کارەکانی لە بەغدا تەواو نەبووە، هەرکاتێکش پارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان دەستبەدابەشکردنی دەکەین، ئەگەرێکی زۆر هەیە لەهەفتەی داهاتوو دەستبەدابەشکردنی بکرێت”.