نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژە وەزارەتی تەندرورستی هەرێم رایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە لەڕووی بینا و پێداویستی پزیشکییەوە تەواو بووە، لە ئەمساڵیش دا نەخۆشانەکە بەڕووی نەخۆشانی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایدا دەکرێتەوە.
بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست لە هەرێمی کوردستان، بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی دۆخی تەندروستی ئەو کەسانە لەئاستێکی خراپدایە و لەماوەی رابردوودا ژمارەیەکیان بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستدا. لەئێستاشدا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەپارێزگای هەڵەبجە کراوەتەوە، بۆکۆتایی هاتنی ئازارەکانی ئەو بەرکەوتوانە، بۆ ئەوەی چارەسەری پێویست وەربگرن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د. خالس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرورستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەکردنەوەی نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لەپارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند “نەخۆشخانەکە لەڕووی بینا و پێداویستی پزیشکی تایبەت بە نەخۆشخانەکە تەواو بووە و ئامادەیە، لەئەمساڵیش دا نەخۆشخانەکە بەڕووی نەخۆشانی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایدا دەکرێتەوە، بەرکەتوانی چەکی کیمیایی دەتوانن لەوێ چارەسەر وەربگرن”.
لەبارەی کردنەوەی نەخۆشخانەکە د. خالس قادر گوتی “ئێمە چاوەڕیی فەرمانی دامەزراندنی ئەو ستافە دەکەین، کە هەڵبژێردراوە لە رێگەی پڕکردنەوەی سیڤییەوە، کە زیاتر لە ٧٢٠٠ کەس فۆڕمیان پڕکردەوە، ئەوانەی بەپێی خاڵبەندییەکان شیا و بوون داندراون”.
هەروەها دەڵێت “چاوەڕێ دەکەین، کە گرێبەستێکی لێکتێگەیشتن بکرێت بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبەردنی نەخۆشخانەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە، کە شارەزابن لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، لەبەر ئەوەی هەندێک حاڵەتی تایبەت هەیە، کە پێویستیان بەپزیشکی پسپۆڕی وورد هەیە لەبواری سنگ و هەناسە توندی، چاو و پێست، کە پێویستە ئەو جۆرە پزیشکانە لە نەخۆشخانەکەدا بمێننەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشانی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاویی”.