عێراقچییەکانی ناو گۆڕان کێن؟

0

نوچەنێت

هاوڕێیەکی نزیکی نەوشیروان مستەفا (دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان)، دەڵێت گروپێکی هەڵسووڕاو و کاندیدی گۆڕان عێراقچێتی دەکەن و بە ”فەریکە عێراقچی“ ناویان دەبات و ئەوە ناشارێتەوە، کە ئەگەر هەیە لەلایەن گۆڕان و میدیای گۆڕانەوە ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

د. چیا عەباس، هاوڕێی نزیکی نەوشیروان مستەفا، کە بە کەسایەتییەکی دیاری گۆڕان دادەندرێت و لە هۆڵەندا ژیان بەسەر دەبات، لە وتارێکیدا، کە لە ماڵپەڕی (سپی میدیا)دا بڵاو کراوەتەوە، باسی لە بۆچوونی عێراقچییانەی بەشێک لە هەڵسوڕاو و کاندیدانی گۆڕان کردووە و لە پێشەکییەکەشیدا نەیشاردووەتەوە، کە ”لەوانەیە خەڵکی دڵسۆزی ناو گۆڕان بڵێن، لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا کاتی ئەمجۆرە نووسینانە نییە“، بەڵام ئەو لەو باوەڕە دایە، کە نووسینەکەی هەوڵێکە بۆ خزمەتکردن بە بزووتنەوەکە.

چیا عەباس لە وتارەکەیدا، کە بە ناونیشانی (کورد و عێراق..کاک نەوشیروان و کوردستانی و عێراقچیەتی) بڵاوی کردووەتەوە، لە ناونیشانێکی لاوەکیدا بە ناوی (فەریکە عێراقچیەکان)، ئاشکرای کردووە ”لە گەرمەی کەمپینی ھەڵبژاردن، ژمارەیەک لە ھەڵسوڕاو و کاندیدی گۆڕان، زۆر بەجۆشتر و پەرۆشتر لە عێراقچییە دێرینەکانی سەردەمی کۆمەڵە و حزبی شیوعی، بەمەبەست یا لە نەزانینەوە، وێناکێشێکی واقیعیی مێژوو و ئێستای دۆخی عێراق و کورد و کوردستان ناکەن، لەو کەلێنەوە گەشتێکی چەواشەکار و تێکدەرانە بەڕێ دەکەن کە لە دوا مەتافدا، راستییەکانی نێوان بەغدا و باشوور دەشێوێنن“.

نوسەر روونیشی کردووەتەوە ”لەم ھەڵمەتەدا رەنگێکی نادیاری عێراقچیەتی، ھزر و بۆچوونەکانی ئەم گروپەی داپۆشیوە، لە سایەیدا راشکاوانە بەھا و سەروەرییەکانی مێژوو و قوربانیدان و خەباتی نەتەوەیی دەسڕنەوە و زامەکانی سەدان ھەزار ھاوڵاتی دژوارتر دەکەن. ئەم فەریکە عێراقچییانە ناوی کاک نەوشیروان بۆ مەبەستە شاردراوەکانی خۆیان بەخراپی بەکار دەھێنن“.

بە بڕوای ئەو هاوڕێیە دێرینەی نەوشیروان مستەفا، هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆیە بازاڕی ئەم گروپە گەرموگوڕە. دەشڵێت ”سەری زمان و ژێر زمانیان کڕووزانەوە و چەمانەوەیە بۆ ھزرێکی عێراقچیەتی، کە لە واقیعدا بوونی نییە، چونکە بەھا سیاسی و سەرەوەری و سەربەخۆییەکانی عێراق ئەوەندە پروکاون و کاڵبوونەتەوە، کە ئەوانەی لە سایەیدا راوی خۆیان دەکەن، دەستیان بە وەھمێکەوە گرتووە، کە تا ئەم چرکەیەش ھۆکاری بنەڕەتیی ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران بووە بۆ کورد و لە ئێستاشدا بۆتە ھۆکاری مایەپووچی عێراق لە زۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا“.

چیا عەباس دەڵیت، کە ”ئەم دەستە عێراقچییە“، حزبە کارتۆنییەکانی سەردەمی سەدام و گروپە جاشە کوردەکانمان بەبیر دەھێننەوە، کاتێک بەشان و باڵی سەدامدا ھەڵیان دەدا، لای رژێم و عەرەبە شۆڤینزمەکان خۆشەویست بوون و لە ھیچیان کەم نەبوو.

ناوبراو ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە ئەوانەی پێیان وایە عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسی دێتە دی و ئەو سات پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، لە جەنجاڵی وەھمێکی کوشندەی سیاسی و فکریدا گوزەر دەکەن. جەختیش لەوە دەکاتەوە ”مەحاڵە کوردێکی بەئەمەک و دڵسۆز باوەڕ بە یەک وشەیان بکات. بۆیە ھەوڵدانیان بۆ زاڵکردنی پەیامی وەھمی عێراقچیەتی لەم ھەڵمەتی بانگەشەیەدا گەورەترین خزمەتە بە دەسەڵاتە شۆڤینزمەکانی بەغدا“.

چیا عەباس نووسیویەتی ”ئەم تاقمە تیرەکانی کەوانەکانیشیان بە ئاراستەی خەستترکردنەوەی کێشەکانی نێو ماڵی کورد دەھاوێژن، زەمینە بنەڕەتییە شاردراوەکەی مێژووییە و لە سایەی ئەدای خراپی حوکمرانی و حزبی دەسەڵاتدارانی ھەرێمدا ئاراستەی دەکەن، زۆر مەنتیقییە لێکدانەوە بۆ ئەم کارەیان بۆ رازیکردنی دەسەڵاتدارەکانی بەغدا بکرێت. پێدەچێت لە ناو گۆڕاندا، تایبەت راگەیاندن، کارئاسانییان بۆ بکرێت تا بەئارەزووی خۆیان ھەڵمەتەکەیان بەرفراوان و خەست بەڕێ بکەن و بەمەش پەیامی رەسەنی گۆڕان و پرەنسیپەکانی راگەیاندنەکەی بشێوێنن، بە کورتی ئەم گروپە خۆبەخشە لە پێناو چەند دەسکەوت و ئیمتیازی تایبەت بوونەتە تابووری پێنجەم، دەبێت گۆڕان سنوورێکیان بۆ دانێن تا کۆتایی بە زیادەرۆییەکانیان بھێنن“.

هەرچەندە هاوڕێ دێرینەکەی نەوشیروان مستەفا، هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی ئەم گرووپە نەداوە، بەڵام جەختکردنەوە بەردەوامەکانی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر دژایەتیکردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفراندۆم و سووکایەتیکردنی بە کەسوکاری شەهیدان. هەروەها داواکارییە بەردەوامەکانی هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ مامەڵەنەکردنی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پارێزگاکان. لەگەڵ قسەکانی ئەم دواییەی مەحموود ڕەزای پەرلەمانتاری گۆڕان و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا لەسەر عێراقچێتییەکەی کە پێشمەرگەی بە ئەنفالکردنی گوندەوارەکانی عەرەب تۆمەتبار دەکرد.

هەروەها لێدوانەکانی عەدنان عوسمانی کاندیدی گۆڕان بۆ پەرلەمانی عێراق، لە بارەی پێشمەرگە و سووکایەتیکردنی بە پێشمەرگە و بە میلیشیا وەسفکردنی. لە سەرووی هەمووشیانەوە، بێهەڵوێستییەکەی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی گۆڕان، بەرامبەر بەو بڕیار و یاسایانەی شۆڤێنییە عێراقییەکان دژی هەرێمی کوردستان و کورد دەریان کردووە، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو گرووپەی دکتۆر چیا عەباس لە وتارەکەیدا باسی کردوون، لەنێو گۆڕاندا بەهێز و کاریگەرن.

هەر لەبارەی ئەم گروپەوە، چیا عەباس، هاوڕێی دێرینی نەوشیروان مستەفا لە وتارەکەیدا نووسیویەتی ”ئەم عێراقچییانە ئینکاری لە شۆڕش و خەبات و قوربانییەکانی کورد دەکەن، دەبێت لە بیری خۆیان بردبێتەوە ئەگەر شۆڕش و قوربانییەکانی کورد نەبووایە، ئەوان نەیان دەتوانی بە تەواوی ئیستراحەتەوە ئەفەندی ئاسا لە ستۆدیۆ فێنک و ڕەنگینەکانەوە، سەربەستانە بە زمانی زگماکی خۆیان قسە بکەن“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com