نوچەنێت: ئاژانسەکان
هەریەک لە قاسم سولەیمانی، بەرپرسێکی ئیداری لە شاری سلێمانی و بەرپرسێکی میلیشیا شیعەکانی عێراق. بۆ رزگارکردنی بارمتەکانی قەتەر، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن گروپە چەکدارییەکان لە عێراق رفێندرابوون، ١٥٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و ئاڵوگۆڕی پارەکەش لە شاری سلێمانی ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، کە چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی قەتەر لە عێراق، حکومەتی قەتەر ١٥٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرپرسێکی ئیداری لە شاری سلێمانی و بەرپرسێکی میلیشیا شیعەکان بەناوی ئەبو حوسێن.
قەتەر، کە بە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕ لە کەسایەتی سەرمایەدار ناودەبرێت، بە سەدان ملیۆن دۆلاری داوەتە هەریەک لە حەشدی شەعبی و کەتیبەی حیزبوڵڵای عێراقی و حیزبوڵڵای لوبنانی و گروپە چەکدارییەکان لە عێراق، لەبەرامبەر ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی قەتەری، کە لە ٢٠١٥دا لەلایەن گروپە چەکدارییەکان رفێندرابوون. پارەکەش لە شاری سلێمانی دەستاودەستی پێکراوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، چەند بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە، لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، قەتەر سەدان ملیۆن دۆلاری داوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بەتایبەت بە قاسم سولەیمانی، کەسی یەکەمی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.
گرتەیەکی دەنگی زەید بن سەعید خەیارین، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق دەست واشنتن پۆست کەوتووە، کە بە بەرپرسانی سەرووی خۆی دەڵێت، “لەگەڵ گروپە چەکدارییەکان بە ٢٧٥ ملیۆن دۆلار گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبەرامبە ئازادکردنی بارمتەکان و دەستاودەستکردنی بڕە پارەکەش، لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدرێت.”
بەپێی گرتە دەنگییەکە ٥٠ ملیۆن دۆلار تەنیا دراوەتە قاسم سولەیمانی، ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی ئێران، کە دەگوترێت بە ئازادی لە عێراق و سوریا دەسووڕێتەوە و لە ژمارەیەک شەڕ رۆڵی کاریگەری هەبووە. هەروەها ٥٠ ملیۆن دۆلاریش دراوەتە بەرپرسێکی شاری سلێمانی، کە ئاسانکاریی کردووە بۆ ئانجامدانی ئەو ئاڵوگۆڕە.
ئەوانەی بەشداربوون لە رێککەوتنە نهێنییەکە و پارەیان دەستکەوتووە لەسەر ئاستی لۆکاڵی نەماوەتەوە، حکومەتی عێراق و ئێران و تورکیا، بەرەی نووسرە و دوو گروپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش تێدا بەشدار بوون. لە هەندێک باردا دەگوترێت تەواوی بارمتەکان لەبەرامبەر یەک ملیار دۆلار ئازاد کراون، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە تاوەکو پشتڕاستی بکاتەوە بڕی پارەکە گەیشتووەتە چەند تاوەکو ئەو هەموو دەستانەی کردووە.
ئاشکرابوونی ئەم نهێنییە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوو ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە چەندین کۆبوونەوەو کۆنفرانس قەتەریان بەوە تۆمەتبارکردووە، پشتگیری دارایی سەرەکی گروپە چەکدارییەکانە.
چیرۆکی ونبوونی چەند ئەندامێکی خانەوادەی شاهانەی قەتەری بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، کاتێک لە باشووری عێراق بەمەبەستی گەشتکردن هاتوونەتە وڵاتەکە و بە ناشارەزایی پێیانناوەتە ناوچەیەک پڕ بووە لە چەکداری تایفی، چەکدارەکان تەواوی قەتەرییەکانیان رفاندووە و دوو ساڵ بێسەروشوێنیان کردوون.
بۆ رزگارکردنی بارمتەکان، قەتەر ناچار بە پەیوەندی بووە بەو هێز و میلیشیایانەی لە عێراق رۆڵێکیان هەیە، بەڵام ئەم گروپانە بەخۆڕایی ئەم کارەیان بۆ قەتەر نەکردووە.
حیزبوڵای عێراقی ٢٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، حەشدی شەعبی ١٥٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، قاسم سولەیمانی لە سوپای پاسدارانی ئیران ٥٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، سولەیمانی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی عێراقی لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری دیکە لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان سوودمەند دەبێت، کۆی گشتی تەواوی ئەو پارەیەی دراوە بە هەموو ئەوانەی دەستیان لە پرۆسەکە هەبووە، ٢٧٠ ملیۆن دۆلاربووە.