نوچەنێت
سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاشکرای کرد، کە سەلام سەعید قەزاز بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبای عێراق كە لەلایەن یەكێتییەوە داندرابوو، بڕی 24 ملیۆن دۆلاری وەك بەرتیل لە كۆمپانیای سیمنزی توركی سەندووە و لەگەڵ بەرهەم ساڵح بەشی كردووە.
عیزەت شابەندەر سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لەسەر لیستی هاوپەیمانی (عێراقییە)ی ئەیاد عەللاوی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق پەرلەمانتار بووە، رۆژی هەینی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك چەند بەڵگەیەكی لەسەر سەلام قەزاز بریكاری پێشووی وەزارەتی كارەبا لەسەر لیستی یەكێتی بڵاوكردووەتەوە.
پەرلەمانتارەكەی پێشووی عێراق نووسیویەتی “سەلام قەزاز، بەرتیلە ٢٤ ملیۆنیەكەی لە مامەڵەیەكی گوماناویدا لە كۆمپانیای سیمنز وەرگرتووە، كە پەیوەندی بە كردنەوەی بریكارییەتی هەبووە لە عێراق، پارەكەشی بۆ خۆی و بەرهەم ساڵح و كەریم وەحید وەرگرتووە”.
شابەندەر باسی لە چەند وردەكارییەكی تر كردووە كە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی سەلام قەزازەوە هەیە، كە بەگوتەی ناوبراو، هاوسەری قەزاز كە پەیوەندییەكی هاوڕێیەتی بەهێزی لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەیە، لە مامەڵەی بەرتیل وەرگرتنەكە تێوەگلاوە.
جێی ئاماژەیە، کە پێشتریش ڕۆژنامەی (ئەلسەباح ئەلجەدید)ی عێراقی بڵاوی كردبووەوە، كە دادگای ناوەندی تاوانی عێراق، فەرمانی گرتنی بۆ سەلام قەزاز، دەركردبوو بەتۆمەتی گەندەڵی و دزینی ماڵی گشتی، بەڵام ئەو لە ترسی گرتن ڕایكردووە بۆ سلێمانی، ئێستەش برایەكی سەلام قەزاز بەناوی سەلاح سەعید قەزاز (سەلاح چاوشین) هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانە.