کورد چۆن پۆستەکانی کەرکوک بەدەست دەهێنێتەوە؟

0

نوچەنێت: تایبەت

لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو،  کورد بەگشتی لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەتایبەت لەکەرکوک هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە ،پەرپرسێکی ئەمنی دەڵێت “کورد لە کەرکوک بە دەیان پۆستی ئیداری و ئەمنی لەدەستداون، کە تاکو ئێستاش وەری نەگرتوونەتەوە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک، سەبارەت بە لەدەستدانی پۆستەکانی کورد لە کەرکوک، رایگەیاند “لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کورد لەکەرکوک بە دەیان پۆستی ئیداری و ئەمنی لەدەستداون، کە تاکو ئێستاش وەری نەگرتوونەتەوە، دیارترینیان پۆستی پارێزگاری کەرکوک و قایمقامی دووبز و قایمقامی داقوقە”.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر پۆستێکیش لە کورد وەرگیرابێتەوە دراوە بە عەرەب یان تورکمان، ئەو گۆڕانکاریانەی، کە لەو پۆستانەدا کراون، لەلایەن بەغداوە بووە. رەنگە پارێزگاری ئێستای کەرکوک بەوەکالەت ئاگاداری هەندێک لە گۆڕانکاریانە بێت.

سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە، لەلایەن کوردەوە، لەدوای هەڵبژاردن گوتی “ئەگەر کورد بەمشێوەی ئێستا بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە، ئەستەمە ئەو پۆستانە بەدەست بهێنینەوە. تاوەکو کورد یەکگرتوو نەبێت، خاوەنی یەک هێز و دەنگ و رەنگ و گوتاری سیاسی نەبێت، زۆر قورس دەبێت بە تایبەت بۆ ئەو سنوورانە”.

سەرحەد قادر دەڵێت “ئەوەی جێگەی داخە، شارێکی وەکو کەرکوک ئەو هەموو شەهید و بریندار و ماڵوێرانی و قوربانییەی داوە لەپێناو کوردایەتیدا، بەڵام تا ئێستاش لایەنە کوردییەکان لەو شارە خاوەنی یەکهەڵوێست و گوتاری سیاسی نین، کە ئەوەش زیان لە داهاتووی کورد دەدات لەو شارە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com