پەرلەمانتارێک: نامانەوێت ئەم پرسە بەبێ رێککەوتن یەکلایی بکرێتەوە

0

نوچەنێت: تایبەت

 تائێستا فراکسیۆنەکان لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە و پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت “ئەو لایەنانەی، کە رێگرن لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، ئەوکاتە ئێمە لە رێگەی دروستکرنی زۆرینەیەک لە پەرلەمانەوە، پەسەندی دەکەین”.    

بە گەڕانەوەی پڕۆژەیاساکەش بۆ پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە سێ ماددەی لێ هەموار بکرێتەوە، کە تایبەتن بە خانەنشینی، دەرماڵە و سودمەندبوونی لەجارێک زیاتر لە بودجەی گشتی. چاوەڕواندەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەت بگەڕێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەسەندکرنی پڕۆژەیاسایی چاکسازی رایگەیاند “ئێمە چاوەڕێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان دەکەین و دەمانەوێت رای زۆرینەی لەسەر بێت بۆ پەسەندکردنی لەپەرلەمان، ئەو لایەنانەی کە ڕێگرن لەپەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، ئەگەر هەر سوور بن لەسەر رێگریکردن، ئەوکاتە ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە رێگەی دروستکرنی زۆرینەیەک لە پەرلەمان، پڕژەیاسایی چاکسازی لە(خانەنشینی و موچە و دەرماڵەکان) پەسەندە دەکرێت”.   

فەرحان جەوهەر، سوور بوونی فراکسیۆنەکەی دووپاتکردەوە، لە سەر پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایی چاکسازی لە نزیکترین کاتدا، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی “ئێمە دەتوانین بەبێ ئەو لایەنانەش پڕۆژەیاساکە تێیپەڕێنین بەزۆرینە، بەڵام نامانەوێت ئەم پرسە بەبێ رێککەوتن یەکلایی بکرێتەوە”.   

لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان، تایبەت بەپڕۆژەیاسایی چاکسازی ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆبوونەوەکە دەکەوێتە کاتی ئاسایی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، لە وەرزی نوێدا. 

لەلایەکی ترەوە جەعفەر ئێمنیكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە “کە پڕۆژەی چاكسازیی خانەنشینی، پێویستییەكی نیشتیمانییە و لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بۆیە ڕێگە نادەین بكرێتە دەستكەوت بۆ هیچ حیزبێك و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری بێنن”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەکردووە، هەر كات رێككەوتن لەسەر پڕۆژەكە هەبوو لە لایەن فراكسیۆنەكانەوە، ئەوا راستەوخۆ دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمان و پەسەند دەكرێت، ئەگەرنا ئێمە تا رۆژی١٢-٥ رادەوەستین و لە١٣-٥ بڕیاری خۆمان دەبێت وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان. گووتوویەتی”بە دڵنیاییشەوە  ١٥-٥  ئەو پڕۆژەیە مناقەشە كراوە و پەسەندمان كردووە، بۆیە رادەوەستین تاوەكوودوای هەڵبژاردن، تا هیچ حیزبێك نەتوانێت موزایەدەی سیاسیی پێوە بكات، ئەگەر لە پێش هەڵبژاردن سازانی لەسەر نەكرا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com