نوچەنێت: تایبەت
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥-٤-٢٠١٨، فڕۆکەکانی جەنگییەکانی تورکیا بە هۆی بوونی گەریلای پەکەکە بۆردومانی دوو ناوچە لە سنووری شارۆچکەی وەرتێیان کرد. بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ دەڵێت “بەردەوام ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکرێت و ئەوەی ئەمڕۆ زیانی گیانی نەبووە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مسلم زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە بارەی بۆردومانی سنورەکەیان راگەیاند “دوو فڕۆکەی جەنگی تورکیا بۆردوومانی گەلی بەدران و زارگەلی لە سنووری شارۆچکەی وەرتێ کردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ ئاماژەی بەوەدا، کە بەهۆی بوونی گریلاکانی پەکەکەوە، بەردەوام ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکرێت. گوتیشی “هەروەها لەو ناوچەیە بنکە و بارەگای پەکەکە بوونی هەیە، بەڵام ناوچەیەکی چۆڵە و خەڵکی مەدەنی لێ نیشتەجێ نین”.
لەبارەی زیانی گیانی لە بۆردومانەکە مسلم زرار گوتی، تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.