نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کورد بە یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی بچنەوە بەغدا. دەشڵێت “ئەگەر کورد نەبێتە شەریکێکی حەقیقی لە عێراق وەرگرتنی پۆست سودی نابێت”.
بڕیارە رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨، پڕۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق گەرمە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین کوسی پەرلەمانی، بۆ ئەوەی گرنگترین پۆستەکان بەدەستبهێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی داهاتوو ی کورد لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند “دەبوو کورد بە گشتی بایکۆتی هەڵبژاردنی بکردایە، بەڵام ئەوە نەکرا. پێویستە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کورد بە یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی بچنەوە بەغدا، ئەگەر کورد لە حکومەتی داهاتووی عێراق بەشەراکەت بەشدار نەبێت، ئەوا وەرگرتنی پۆست هیچ سوودێکی بۆ کورد نابێت”.
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جەختیکردەوە لەوەی، کە بەبێ یەکهەڵوێستی کورد، پۆست سودی زۆر نابێت. دەشڵێت “ئەگەر بێن بەراورد بکەین لەنێوان وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کورد بەراوورد بە پۆستی سەرۆککۆمار، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گرنگتر دەبێت”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، کە هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمانەکانیش بۆ کورد لە رووی سیاسی، دارایی، ئابووری و سەربازیش بۆ کورد باش نابێت، ئەگەر هەڵوێستی سیاسی کورد یەک نەبێت، چونکە هەموو بڕیارێک دەچێتەوە بەر دەستی سەرۆکوەزیران.
نجیبە نەجیب گوتیشی “ئەگەر دوای هەڵبژاردن فراکسیۆنە کوردییەکان یەکهەڵوێست و یەکڕیز نەبن، پێوستە خەڵکی کوردستان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکەن و لێیان قبوڵنەکەن، لەبەرئەوەی کاتەکە بەفیڕۆ دەڕوات و چوارساڵی داهاتوو خراپتر دەبێت لەچوار ساڵی رابردوو”.