نوچەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣-٤-٢٠١٨، بەردی بناغەی گەورەترین کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر دانرا. گوژمەی پڕۆژەکە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە و بە چوار ساڵ تەواو دەبێت. باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت “ئەم کونسوڵخانەیە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات ئیدارەدانی دارایی و خزمەتگوزاری گشتی بەهێزبکات، دڵنیاشبێت ئەم پێشکەوتنانە بەردەوامدەبن”.
کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و، بە چوار ساڵ لەسەر رووبەری ٢٠٠ هەزار مەتر دووجار لەسەر رێگای هەولێر – شەقڵاوە دروستدەکرێت.
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “جیا لەوەی ئەمریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، ئەم کونسوڵخانەیە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات ئیدارەدانی دارایی و خزمەتگوزاری گشتی بەهێزبکات، دڵنیاشبێت ئەم پێشکەوتنانە بەردەوامدەبن”. جەختیشیکردەوە کە ئەم کونسوڵخانەیە دەبێتە خاڵێکی گرنگی وەبەرهێنان، هەروەها بەردەوامدەبن لە پەرەپێدان بە بوارەکانی کولتوور و پەروەردە.
لە مەراسیمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “ئەم کارە نیشانەی بڕوا و متمانەی ئەمریکایە بە ئێستا و ئاییندەی گەشی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرخەری خواست و ئارەزووی ئەمریکایە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکوەزیران بە ئاماژەکردن بەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات، داوای لە هەموو وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان کرد هاوشێوەی ئەمریکا کۆمەڵگەی دیپلۆماسی لە هەولێر دروستبکەن.
لە سەرەتاکانی مانگی تەمموزی ٢٠١٧ دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی بنیاتنانی کونسوڵخانەکەی ئاشکراکرد و، بە گەورەترین کونسوڵخانەش لەسەر ئاستی جیهان وەسفیکرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو “کۆمەڵگەکە هەریەک لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، نووسینگەکانی تۆمارکردن، نیشتەجێکردن، ئاسانکاری پشتگیریکردن و، ئاسانکاری بۆ کۆمەڵگە” لەخۆدەگرێت.