نوچەنێت: تایبەت
میدیاکانی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایانگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا ژیانی سێ پێشمەرگەیان لە دەستی داعش لە نزیک دوبز رزگار کردووە. بەرپرسێکی ئەمنی ئەو ناوچەیەش دەڵێت “لەو سێ کەسە یەکێکیان پێشمەرگەیە و ئەویش لەکاتی بەدیل گرتنیدا لە ئەرکدا نەبووە”.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی یەکێتی بە پێشمەرگە ناساندوونی و ئازادکردنەکەی ڕاگەیاندوون، ناویان (ھەردی عەدنان، شوان کەریم و محەمەد حەسەن)ە، کە ٩٦ رۆژە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون.
پۆڵاد شێخ جەنگی، فەرماندەی ھێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی، بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتوودا لەناو جەرگەی داعشدا لە نزیك دوبز توانیمان ئەو ٣ پێشمەرگەی دیل رزگار بكەین.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەرپرسێکی ئەمنی ئەو ناوچەیە، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە لە بارەی ئەو سێ دیلەوە رایگەیاند “ئەو سێ کەسە خەڵکی گەرمیانن، لەو سێ کەسە یەکێکیان پێشمەرگەیە و ئەویش لەکاتی بەدیل گرتنیدا لە ئەرکدا نەبووە و دووەمیان پۆلیس بووە، بەڵام بەهۆی باری دەروونییەوە لە ئەک نەبووە، کەسی سێیەمیش پێش بەدیل گرتنی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو”.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییە، لەو ناوچەیە هیج جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆ ئازادکردنی ئەو سێ کەسە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو ئەگەری هەیە بۆ ئازادکردنیان دیل بە دیل کرابێ.
