ماچەکەی ١٠٠ملیۆن دینار کەوت

0

نوچەنێت: روداو

“نەفرەت لە باب و باپیرم ئەگەر دەنگ بە تۆ نەدەم، ماشەڵڵا ماشەڵڵا لەو دەم و لێوە جوانە..” گەنجێك لەبەردەم پۆستەری كاندیدێكی ئافرەتدا بە سەرسامی دێت و دەچێ و چەند جارێكیش پۆستەرەكە ماچ دەكات” پاشان پەنجەی تەڕ دەكات و لەسەر دەموچاوی ئافرەتەكەی دەدات و دەڵێت “ئەوەش پەنجەمۆری من بۆ تۆ، بە نەفرەت بم ئەگەر دەنگ نەدەم بە تۆ”. بەڵام نرخی ئەو ماچە 100 ملیۆن دینار لەسەر هۆزی گەنجەكە كەوت.

هەر لە سەرەتای دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، پۆستەری كاندیدە ئافرەتەكان، بە تایبەتی ئەو ئافرەتانەی جوان و بەرچاون، بەر تیر و توانج كەوتن، تەنانەت گەیشتە ئاستی ماچكردنی پۆستەری كاندیدەكان.

لە سەرەتاكانی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، گرتەی ڤیدیۆیی گەنجێك لە هۆزی ئەلمەجاتیم لە شاری نەجەف بڵاوكرایەوە كە پۆستەری هەدبا ئەلحەسناوی، لە هۆزی ئەلبوو عزێب كە كاندیدی لیستی “ئەنسارولحەق”ـە لە پارێزگای نەجەف، ماچ دەكات.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەكە، هۆزی ئەلبوو عزێب داوای رادەستكردنی ئەو كوڕەی هۆزی بەرامبەریان كرد كە پۆستەرەكە ماچ دەكات، دەنگۆی ئەوەش بڵاوكرایەوە كە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە داوای 40 ملیۆن دیناریان كردووە، بەڵام دواتر هەدبا حەسناوی روونكردنەوەیەكی لە فەیسبووكەكەی خۆیەوە بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە كە بۆ ئەو بابەتە پارەی وەرگرتبێت. ئەو پاڵێوراوە ژنە گوتی كە كەسانێك پاڵنەری ئەو گەنجە بوونە بۆ ئەوەی زیان بە دەنگەكانی لە هەڵبژاردن بگەیێنێت.

لەنێوان دەنگۆ و راستیدا، گرتەی ڤیدیۆیی چارەسەركردنی كێشەكە بڵاوكرایەوە و كەسوكاری هەردوولا قسەیان لەسەری كرد و ئەوەشیان پشتڕاست كردەوە كە بە پارە كێشەكەیان چارەسەر كردووە، بڕی پارەكەش 100 ملیۆن دینارە. دواتر كەسوكاری كوڕەكە بە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە داوای لێبوردنیان لە هۆزەكەی هەدبا حەسناوی كرد.

وەرگرتنی ئەو پارەیە كاردانەوەیەكی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكان بەدوای خۆیدا هێنا و دەیان هەواڵ و راپۆرتی لەسەر كرا و زۆر كەس رەخنەیان لەو پاڵێوراوە گرت، یەكێك لە فەیسبووك بە توانجەوە لە هەدبا دەپرسێ‌ ”ئەگەر تۆ ببیتە پەرلەمانتار هەر بەم شێوەیە كێشەی خەڵكی چارەسەر دەكەیت؟”.

یەكێكی دیكە نووسیویەتی: “پارەی بانگەشەكەی لەو داماوە وەرگرت”. هەروەها یەكێكی دیكە رەخنە لە هۆزەكەی هەدبا دەگرێ‌ و دەنووسێ‌: “ئەگەر ئەو هۆزە پێیانوایە نامووسیان ئەتككراوە، بۆچی لەسەر دیوارەكان نامووسیان هەڵدەواسن!”. یەكێكی دیكەش نووسیبووی “ئەگەر دەنگیش نەهێنێت، تازە مووچەی شەش مانگی پەرلەمانی وەرگرت”.

هەدبا حەسناوی، لە دوای ئەو سوڵحەی هۆزەكەی لەگەڵ كەسوكاری كوڕەكە كردیان، رایگەیاند ”سەرەڕای ئەوەی دەستدرێژی كراوەتە سەر پۆستەرەكەم، بەڵام لە كارەكەم بەردەوام دەبم، ئەوانەی یاساش نازانن، فێریان دەكەین یاسا چییە و چۆن رێزی لێدەگرن”.

باوكی ئەو كوڕەی پۆستەرەكەی هەدبای ماچ كردووە، دەڵێت: ”بێگومان ئەو پارەیە شتێكی رەمزیە، هۆزی كچەكە لەسەر حەقن و ئەوان مافیان هەیە چۆن سزای بەرامبەرەكەیان بدەن، سەرباری ئەوەش سوپاسیان دەكەین كە بڕیاری تۆڵەكردنەوەیان نەدا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com