نوچەنێت-ئاژانسەکان
لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر بنکەیەکی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، بەلانی کەمەوە ٥٧ کەس کوژان و ١١٩ کەسیش بریندار بوون.
داعش لە راگەیێندراوێکدا، بەرپرسایەتی خۆی لەم هێرشە راگەیاندووە.
بە گوتەی داود ئەمین، فەرماندەی پۆلسی کابول، ئەم هێرشە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە دەنگدەران بۆ وەرگرتنی کارتی دەنگدان روویان کردبووە بنکەیەکی حکومەت. هێرشەکە خۆکوژی بووە. تاکو ئێستا بە دروستی ئاگاداری ژمارەی قوربانیان و زیانی گیانی ئەم هێرشە نین.
دوایین هێرش بۆ سەر پایتەختی ئەفغانستان تەنها رۆژێک دوای نەورۆزی ئەمساڵ ئەنجام درا، کە بە وهۆیەوە ٤٠ کەس کوژران و ٧٠ کەسیش بریندار بوون.
بەرپرسانی لیژنەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی ئەفغانستان، نەبوونی ئەمن و ئاسایشی بە سەرەکیترین هەڕەشە بۆ سەر دامەزراوەکانی هەڵبژاردنی ئەم وڵاتە ناو دەبەن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەفغانستان، لە دوای ٨ ساڵ بەڕێوە دەچێت و بە یەکەمین هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٤ هەژمار دەکرێت.

