رێککەوتنی ئەتۆمی لە چاوەڕوانيی ترەمپدا

0

نوچەنێت

گەورەترین شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتی و شرۆڤەکارانی سیاسى لە ئەمریکا، ئەم سەرۆکە بەکەسێک ناو دەبەن، کە ڕەفتارەکانی پێشبینی ناکرێت و ناکرێ وێنایەکی دروست و نزیک لە واقع لە بڕیارەکانی بکرێت. بەڵام ڕەنگە دیراسەی چەند نموونەیەک لە بڕیارەکانی یارمەتیدەر بن، تاکو درکێکی دروست و لۆژیکی لە دنیابینی ناوبراومان هەبێت.

هەر چەند دۆناڵد ترەمپ، لە زۆربەی بابەتەکان تا وەکو ئێستا نێشانی داوە، رەفتارەکانی پێش بینی ناکرێت و ئەمەش تەنها تایبەت نییە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بەم پەیمانەوە دەبێت، ترەمپ بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە ئامادە نییە هەڵپەساردنی گەمارۆکانی سەر ئێران درێژ بکاتەوە و رێککەوتنەکەی بە کارەساتبار و خراپترین نموونەی رێککەوتن لە مێژووی ئەمریکا وەسف کردووە. ئەمانە هەمووی بە لایەک، بەڵام تاکو ئێستا ئەوەمان لا ڕوونە، کە ترەمپ ئەم بانگەشانەی کردەیی نەکردۆتەوە.

ترەمپ لەوەی، کە پێشبینی نەکراو نیشان بدرێ، چێژ دەبات و تەنانەت بە خاڵێکی بەهێزی خۆی دەزانێ، تاکو ئیمتیازی زیاتر وەربگرێت. سێبتەمبەری ٢٠١٧ بوو، کە میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، فەرمانی بە یەکێک لە راوێژکارانی خۆی داوە بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە لایەنەکانی دانوستانکاری دۆسیەی کۆریای باکوور، بە کەسێکی سەرشێت و پێش بینی نەکراوە وەسفی بکات.

لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی ترەمپ لەبارەی دۆسیە جیهانییەکان، تاکو ئێستا هەر بەم شێوەیە بووە، بە جۆرێک، کە ئاستی ئاڵۆزی و تەنگژەکانی گەیاندۆتە بەرزترین ئاستی خۆی، تاکو بە رێگەی هێنانەوە خوارەوەی ئاستی چاوەڕانییەکانی لایەنی بەرامبەری، زۆرترین دەستکەوت و ئیمتیاز بۆ خۆی مسۆگەر بکات. هەر چۆنێک بێت لایەنەکە بۆچوونی ئەوە بوو، کە لە خاڵی مەترسی دوور کەوتۆتەوە و توانیویەتی لەگەڵ سەرشێتێک بگاتە رێککەوتن.

نموونەی زیندووی ئەم سیاسەتە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی ترەمپ بووە لە گەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور. ترەمپ تا رادەیەک چووە پیش، کە تەنانەت هەڕەشەی لە ناوبردنی کۆریای باکووری کرد. بێ رێزی نەما بە سەرۆکی ئەم وڵاتەی نەکات. رێکس تیلرسەنی سەرۆکۆنە کرد، کە بەرامبەر بەم وڵاتە نەرمی نواندووە. ئێستا دوای دوو ساڵ هەڕەشە و گوڕەشە دەبینین، کە ڕەزامەندی دەربڕیوە، کەگەڵ سەرۆکەکەی راستەخو دانوستان و گفتوگۆ بکات. سەرۆکی دەزگای هەواڵگری راسپاردووە، کە راستەوخۆ سەردانی پیۆنگ یانگ بکات و لەگەڵ کیم جۆن ئۆن کۆبێتەوە. ئێستاش چاوەڕێ دەکرێ، بەم زووانە بۆ خۆی لەگەڵی کۆبێتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئایا ئەمە بەو واتایە دێت، کە هەڕەشە و هۆشداریەکانی ترەمپ بە نیسبەت رێککەوتنی ئەتۆمیش تەنها سیناریۆیە؟ ئایا دەکرێ چاوەڕێی پاشەکشەکردنی لە هەڵوێستەکانی پێشووی لێ بکرێت؟ ساویلکانەیە ئەگەر وابیر بکەینەوە، کە لە ڕۆژانی داهاتوو هەڵوێستی ترەمپ نەمتر بێت. چاوخشاندنێک بە دەورووبەری ترەمپ و راوێژکارانی، سەرەڕای هاوڕابوونی سعودیە و ئیسرائیل و ئەدای توندڕەوانەی کٶشکی سپی بە نیسبەت ئێرانەوە، ئەم ڕاستیە دەردەخات. لە لایەکی دیکەوە سەرۆک ترەمپ، ئەم دۆخە وەک دەرفەتێکی مێژووی دەبینێ و وابیر دەکاتەوە، کە دەبێ هەموو هەوڵی خۆی بدات، تاکو زەبرێکی بەژان لە دوژمنی هاوبەش بدات.

ئێستا ترەمپ بەر لەوەی بیر لە کاردانەوە و دەرهاویشتەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە بکاتەوە، زۆرتر بیر لە قازانجەکانی ئەم بڕیارە دەکاتەوە. هەوڵی ترەمپ سڕینەوە و لە بیربردنەوەی میراتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە. نابێ نادیدەی بگرین، کە ئەم رێککەوتنە بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە دیارەکانی باراک ئۆباما هەژمار دەکرێت. وێڕای ئەوەی، کە لە زۆربەی لێدوانەکانیدا ترەمپ باس لە لایەنی ماددی ئەم رێککەوتنە دەکات، پێیوایە نابێ پارە ڕادەستی ئێران بکرێت، ئەمەش دەریدەخات ترەمپ زۆرتر کەسێکی بازرگانە.

نابێ ئەوەش نادیدە بگیردرێ، نە رێکس تیلرسەنێک ماوە، نە جەنەڕاڵ ماک ماستەرێک، کە رێگرێک لە بەردەم ترەمپ دروست بکەن، جێگرەوەی ئەم دووە، مایک پۆمپیۆ و جۆن بۆڵتنن، کە لە ڕووی توندڕەوییەوە ناویان لە سەر زارانە و هاوتایان نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com