نوچەنێت: تایبەت
دڕاندنی پۆستەر و ئاڵا، وێنەی کاندیدەکانی کورد، لە کەرکوک بەڕێژەیەکی بەرچاوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت “حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەرپرسە لەپاراستنی ئەمنیەتی شارەکە، پێویستە رێگری بکات لە درووستبوونی ئەم جۆرە دیاردانە”.
بڕیارە رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ دهستهبهركردنی ١٢ كورسیش له پارێزگای كهركوك ٢٢ لیست و هاوپهیمانێتی لهژێر ئاڵای عێراق، ماوهی سێ رۆژ زیاترە بانگهشهی ههڵبژاردن و كێبڕكێیان دهستپێكردووه، پۆستەر و وێنەی کاندیدانی کوردیش دڕێنراون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رایگەیاند “دڕاندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکانی کورد، لە کەرکوک بەڕێژەیەکی زۆر هەیە، کە ئەمەش دیاردەیەکی ناشارستانییە، بەڵام نازانین ئەمە کۆمەڵێک خەڵک خۆیان ئەم کارە ناشارستانیانە دەکەن یاخود، حکومەتی خۆجێی کەرکوک ئاگادارە و بەبەرنامە دەکرێت، وەک جۆرێکە لە فشار دروستکردن لەسەر کورد”.
عەسکەری گوتیشی “حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەرپرسە لە پاراستنی ئەمنیەتی شارەکە و پێویستە رێگری بکات لە درووستبوونی ئەم جۆرە دیاردانە، بۆیە پاراستی کاندید و هەڵمەتی هەڵبژاردن و شوێنی کۆبوونەوە و پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان لە ئەستۆی ئەواندایە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات، کە دروستبوونی ئەم جۆرە دیاردە ناشارستانیانە، لە ئەنجامی کەم تەرخەمی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دایە، لەبەر ئەوەی پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەرکوک لە ئەستۆی ئەواندایە و دەبێت ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن، کە ئەم جۆرە کارانە دەکەن.