نوچەنێت: تایبەت
پەسەندکردنی پڕۆژەیاسایی چاکسازی، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی، گەندەڵی و زیادکردنی داهات، بۆ حکومەتی هەرێم، بەڵام بەهۆی بۆچوونی جیاواز و ترسی موزایەدە، فراکسیۆنەکان ناگەنە رێککەوتنی کۆتایی. ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت “بە هیچ شێوەیەک لای ئێمە قابیلی قبوڵ نییە و بەشتێکی مەحاڵی دەزانی”.
رۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠١٨، پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی لەموچە و خانەنشینی و دەرماڵەکانی پەسندکرد، بەڵام دوای پەسەندکردنی بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک و داواکاری زۆربەی فراکسیۆنەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئیمزای لەسەر یاساکە نەکرد، بڕیاریدا بەگەڕانەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان و بڕیاریشە سێ ماددەی لێ هەموار بکرێتەوە، کە تایبەتن بە خانەنشینی، دەرماڵە. چاوەڕێ دەکرێت بە جێبەجێکردنی یاساکە نزیکەی ١٠٠ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی رایگەیاند “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی، بڕیاری ئەوەمانداوە، بەهەموو شێوەیەک هەوڵبدەین، لەزووترین کاتدا پڕۆژەیاسای (چاکسازی لە خانەنیشنی و موچە و دەرماڵەکان) لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندبکرێت، هەوڵیش دەدەین، کە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان پەسەندی بکات و زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
مەردان خدر جەختیشی کردەوە لەوەی، کە فراکسیۆنەکەیان لەئێستادا هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان خستووەتەگەڕ، لەپێناو ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، نەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی، کە لەئێستادا ئیرادەیەک هەیە، بۆ ئەوەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی بکەوێتە خولی داهاتووی پەلەمان، گوتی “بەهیچ شێوەیەک ئەوەلای ئێمە قابیلی قبوڵ نییە و بەشتێکی مەحاڵیشی دەزانین، ئەگەر هەر کەس و لایەنێکیش بۆ چونێکی وای هەبێت و ئاستەنگمان بۆ دروستبکات، هەموو رێگایەکی مەدەنی و دیموکراسی دەگرینەبەر، بۆ ئەوەی لەزووترین کاتدا پەسەندبکرێت”.
هاوکات مەردان خدر دوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات، یاداشتی فراکسیۆنەکەیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەهەند وەربگرێت، لە زووترین کاتدا کار بە پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بکات، بۆ دیاریکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان، لەسەر پڕۆژەیاسایی چاکسازی.