نوچەنێت
هەر سێ کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ، گۆڵف کیستۆن و تاقە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن رایانگەیاند، بڕی ١٠٦ ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
بەگوێرەی هەوڵێکی رووداو، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، ٥٦ ملیۆن و ٤٤٠ هەزار دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەوەش وەک حەقدەستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا.
لەدوای وەرگرتنی شایستە داراییەکانیشی، کۆمپانیاکە بەپێی پشکەکانیان شایستەکە لەنێوان خۆی و کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دابەشدەکات.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ راشیگەیاندووە، بڕی پێنج ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە دەکاتە لە ٣%ی داهاتی مۆڵەتی کارکردنی کێڵگەی تاوکێ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا.
هاوکات کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی ئاشکرایکرد، بڕی ٢٣.١ ملیۆن دۆلار لە حکومەتی هەریمی کوردستان وەرگرتووە، ئەوەش لە بەرامبەر حەقدەستی فرۆشتنی نەوتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٨ لە کێڵگەی شێخان.
سەرەتای ئەم مانگە گۆڵف کیستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای سەرکارە رایگەیاند، لەو کاتەی هاتووەتە کوردستان و دەستی بەکارکردووە، بۆ یەکەمجار قازانجی کردووە.
بەپێی زانیاری گۆڵف کێستۆن، توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان بۆ ٤٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبووتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای نەوتی کەنەدی شاماران-یش، کە لە کێڵگەی ئەترووش کۆمپانیای هاوبەشە رایگەیاند، کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکار لەو کێڵگەیە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
بەپێی زانیاری کۆمپانیای شاماران، لەو بڕە ٢٠ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاری بۆ حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت بووە لە کێڵگەی ئەترووش و بڕی ٤ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاریش بۆ تێچووی دامەزراندن و بەکارخستنی بۆری نەوت بووە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبووکراوەتەوە.
کۆمپانیای شاماران رایگەیاندووە، ئەو پارەیە لەنێوان خاوەن پشکەکانی کێڵگەی ئەترووش دابەشدەکرێت.
لە مانگی حەوتی ساڵی رابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەترووش دەستیپێکردووە و ئەو کێڵگەیە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێدانە.