مەترسی کەمکردنی دەنگەکانی کورد لە کەرکوک دەخرێتەڕوو

0

نوچەنێت: تایبەت

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدایە، کە دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ناجێگیرە، بەپێی پێشبینییەکان کورد دەنگی کەم دەکات، ئەندامێکی لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت “بانگەشەی لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک زۆر ساردوسڕە، ئەگەر کورد دەنگەکانی زۆر کەم بکات، ئەو پێناسەی نامێنێت، کە زۆرینەی کوردە”.

بڕیارە رۆژی ١٢-٥-٢٠١٨، پڕۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، لایەنە کوردیەکانیش لەبانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکوک ناتوانن ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە، ئەوەش نیگەرانی لای خەڵکی پارێزگاکە درووستکردووە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنی شارەکە هێشتا بەشێکی خەڵکی کەرکوک نەگەڕاونەتەوە شارەکە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی بانگەشەی لایەنە کوردستانییەکان لەکەرکوک، رایگەیاند “بانگەشەی لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق زۆر ساردوسڕی پێوەدیارە، تەنانەت خەڵکی شاری کەرکوک بەشێکیان بەنیازنین دەنگ بدەن، هەروەها بەشێکیان نیگەرانن لە حیزبی دەسەڵات”.  

جوان حەسەن گوتیشی “ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە ئێستا ئەوەیە، کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، لەهەر حیزبێک نیگەرانی حیزبێکی دیکە و کاندیدێکی دیکە هەڵبژێرە، گرنگ ئەوەیە کورد دەنگبدات، چونکە ئەوەی بینیمان لە کەرکوک هێز هیچ کاریگەری نەبوو”.

ئەندامەکەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژە بەوەش دەکات، کە نەتەوەکانی دیکە لەرێگەی پەرلەمان و دەنگەکانیانەوە ئەتوانن کار بکەن، ئەگەر ئەم جارە کورد دەنگ بهێنێت و کەسی دڵسۆزیش بچێتە بەغدا و کاربکات بۆ کورد، ئەوا دەبێتە پێوەرێک بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی کەرکوک لەمامەڵەی سیاسی و کاریگەری دروست دەکات.

هەروەها دەڵێت “ئەگەر کورد رێژەی دەنگەکانی زۆر کەم بکات، دەبێتە پێورێکی دیکە و دانیشتوانی کەرکوک، کە ئێستا زۆرینەی کوردە، ئەوکاتە ئەو پێناسەی نامێنێت، کە زۆرینەی کوردە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com