لایەنە سیاسییەکان په‌یمانی شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردن-یان واژۆکرد

0

نوچەنێت

بە چاودێری یونامی و بە بەشداری زۆربەی قەوارە و لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر، قەوارە و پارته‌ سیاسییه‌كانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق “په‌یمانی شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردن” یان واژۆکرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ١٢-٥-٢٠١٨ بەڕێوەبچێت، لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان ٤٦ کورسی بەرکەوتوون. ٢٥ قەوارە لە هەرێمی کوردستان بەشدارن و ١٩ لەوان حیزبن، چواریان هاوپەیمانێتین و دوویان پاڵێوراوی سەربەخۆن. بۆ مەراسیمەکەی ئەمڕۆ سەرجەمیان بانگهێشتکرابوون، بەڵام بەشێکیان لە بەغدا پەیمانەکەیان واژۆکردووە بۆیە ئەمڕۆ ئامادەنەبوون، تەنیا لیستی نەوەی نوێ ئامادەنەبوو.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمممە ١٨-٤-٢٠١٨، پارته‌كان بە چاودێری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا لیستی نەوەی نوێ نەبێت، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا (په‌یمانی شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردن)یان واژۆکرد.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا بەمەبەستی چاودێریکردنی بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن، په‌یمانی شه‌ره‌فی هه‌ڵبژاردن واژۆدەکات، ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەبێ هیچ پێشێلکارییەک بەڕێوەبچێت، هاوکات هیچ لایەنێک تەشهیر بە لایەنی بەرامبەری نەکاو ناوزڕاندن روونەدات.

یان کۆبیش، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، لە رێوڕەسمەکەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد و رایگەیاند “خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی پەیماننامەی شەرەفی هەڵبژاردن بەشدارم، زۆر سوپاستان دەکەم و زۆر دڵخۆشم، کە دەبینم چەندین پارت و لایەنی سیاسی ئامادەی واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیەن، ئەوانەی ئەمڕۆش نەیانتوانیوە بەشداربن داوایان لێدەکەین لە رۆژانی دیکەدا بتوانن ئەو پەیماننامەیە واژۆبکەن، پیرۆزباییش لە برا ئێزدییەکان دەکەین، کە ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان نەیانتوانیوە لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبن، هیوادارین ئەوانیش لە رۆژانی داهاتوودا ئامادەببن”.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هیوای خواست ئەو پەیماننامەیە لە داهاتوودا ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و دوور لە گرژی بەڕێوەبچن، دڵنیاییشی دا، کە ئەو پرۆسەیە دەبێتە بەدیهێنانی داهاتووێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پڕشەنگدار.

یان کۆبیش گوتیشی “ئەم پرۆسەیە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە هەموو عێراق بەڕێوەدەچێت، لەوانەیە لە هەندێک شوێندا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بەڕێوەبچێت، هەروەها دەمەوێت سوپاسگوزاری هەموو ئەوانە بکەم کە قوربانیان دا بۆ ئەوەی داعشی تیرۆریست لەنێوببەن بەتایبەتی پێشمەرگە ئازاکان، ئەوان قوربانییەکی زۆریان دا بۆ لەنێوبردنی داعش”.

کۆبیش ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر چەندین ئاستدا زۆر گرنگن، بەتایبەتی بۆ ئەوەی لایەنە باشەکان ببینرێن و پەرەیان پێبدرێت، هەروەها لایەنە خراپەکان ئەگەر هەبوون و بینران چاکبکرێن، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکەوە زاڵبوون بەسەر داعشدا بەردەوامبێت.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق گوتیشی “بێگومان هەموو لایەنەکان بەشداردەبن لە کێبڕکێکەدا، هەریەکە و هەوڵی سەرکەوتن دەدات، ئەوە شتێکە هەموومان لێی تێدەگەین، زۆر دڵخۆشیشم کە دەبینم هەموو پارتە سیاسییەکان ئامادەن و پابەندن بە واژۆکردنی پەیماننامەیەک بۆئەوەی پاک و بێگەردی هەڵبژاردن بپارێزن، ئەو لایەنانەشی کە واژۆیان کردووە پیشانی دەدەن کە پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد”.

کۆبیش دەڵێت “بەدڵنیاییەوە دەسەڵاتدارن هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیاریێتی ئەوەیان لەسەر دەبێت سەلامەتی هەموو لایەنەکان بپارێزن، هەموو کەسێک دەبێت بە ئازادانە و سەربەخۆیانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن، لایەنی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایان کردینەوە لەوەی هەموو لایەنەکان بە یەک چاو سەیردەکرێن و دەپارێزرێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت”.

پەیماننامە ٢٥ خاڵ لەخۆی دەگرێت

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای واژۆکردنی ئەو پەیماننامەیە، یونامی ژوورێکی تایبەت بە نوێنەرایەتی یونامی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، نوێنەرانەی سەرجەم ئەو لایەنانەی پەیماننامەکەیان واژۆکردووە، لەگەڵ نوێنەری دەزگا ئەمنییەکان و لایەنی دادوەری  پێکدەهێنێت، پێکهێنانی ژوورەکە بەمەبەستی چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنە تاوەکو دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرچوونی ئەنجامەکانیش، هەر پێشێلکارییەک بکرێت ئەوان تۆماری دەکەین.

ئەو لایەنە کوردستانییانەی پەیماننامەی شەرەفی هەڵبژاردنیان واژۆکرد بریتین لە:

– کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
– ئەنجوومەنی گەلی کلدانی و سریانی ئاشووری
– یەکێتی بەیت نەهرەین
– بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی
– بەرەی تورکمانی
– هاوپەیمانی کلدانی
– بزووتنەوەی گۆڕان
– هاوپەیمانی رافیدەین
– هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
– رۆڵەکانی میزۆپۆتامیا
– رۆڵەکانی نەهرەین
– یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
– پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
– یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
– پارتی دیموکراتی کوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com