نێچیرڤان بارزانی موچەخۆران دڵنیا دەکاتەوە

0

نوچەنێت

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ھیچ دانوستاندنێک لەنێوان ھەولێر و بەغدا بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، نەکراوە. دەشڵێت “حکومەتی عێراق مانگانە پابەند دەبێت بە ناردنی پارەی موچەخۆران”. 

ئەمڕۆ (سێشەممە ١٧-٤-٢٠١٨)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران، پرێس کۆنفرانسێکی ئەنجام دا.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە، لەوانە چارەسەرکردنی کێشەی خانووە نایاسایی و زێدەڕۆییەکان و بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند “پرۆژەیاسایەکمان بۆ چارەسەکردنی کێشەی خانووە زێدەڕۆییەکان و دانانی سنوورێک بۆ زیادبوونیان داناوە و دەینێرن بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.

نێچیرڤان بارزانی بێ ئاگایی خۆی لە چوونی ھیچ شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نیشان دا و رایگەیاند، ”منیش لە راگەیاندن بیستوومە“.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی “حکومەتی عێراق مانگانە پابەند دەبێت بە ناردنی پارەی موچەخۆران. گوتیشی: “ئێستا بڕیارنییە هیچ شاندێک بچێتە بەغدا و تەنیا لە راگەیاندنەکان هەواڵەکەم زانیوە”.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەی یەکەی پاسەوانی گوتی، وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی فڕۆکە تورکییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بەردەوامە.

نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا رایگەیاند، دەرفەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان نەدراوە بانگەشە لە کەرکوک بکات و بارەگا بکاتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم دەڵێت، تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی دیکە نەنراوە و ھیچ دانوستاندنێک بۆ ئەو مەبەستە نەکراوە.

ھەر لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان دا، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و تاران و ئەنقەرە، رایگەیاند “حکومەتی ھەرێم خۆشحاڵە بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ھەولێر- تاران و پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشە و چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرەین“.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێ پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاسای چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان، پەسەند بکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com