نوچەنێت-ئاژانسەکان
میدیاکانی سوریا و حزبوڵڵای لوبنان دەڵێن، دواساتەکانی شەوی رابردوو، هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی سوپای سوریا لە شەعیرات، هەڵکەوتوو لە پارێزگای حەمس و بنکەیەکی سەربازی دیکە لە نزیک دیمەشق.
گوتەبێژێکی پێنتاگۆن رایگەیاندووە، ئەمریکا لەم هێرشەدا هیچ رۆڵێکی نەبووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە، لە بارەی ئەم رووداوانە هیچ لێدوانێک نادەین.
روانگەی مافەکانی مرۆڤ بۆ سوریا، کە لە بەریتانیا جێگیرە، رایگەیاندووە، دەنگی تەوقینەوەی بەهێز لە نزیک بنکەی سەربازی شەعیرات بیستراوە و هەروەها دوو بنکەی سەربازی دیکە لە قەلەمون، لە نزیک دیمەشق کراونەتە ئامانجی هێرشی موشەکی.
بنکەی ئاسمانی شەعیرات سەر بە سوپای بەشار ئەسەد، ساڵی رابردووش کرایە ئامانجی هێرشی ئەمریکا.
تاکو ئێستا هیچ لایەنێک، بەرپرسایەتی خۆی لەم هێرشە رانەگەیاندووە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوەتە ئێران و جەختیان کردۆتە، کە رێگە نادەن ئێران پێگەی سەربازی خۆی لە سوریا قایم بکات.