نوچەنێت: تایبەت
قایمقامی قەزای سیدسادق رایدەگەیەنێت، پێشتر کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی سنورەکە کردووە، بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی شارستانی و سەردەمیانە بێت، پەیامی ئێمەش بۆ لایەنە سیاسییەکان هەر پەیامی ئاشتی و تەبایییە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دیاری رەفیق، قایمقامی قەزای سیدسادق، سەبارەت بە دەستپێکردنی بانگەشەی حزب و لایەناکان بۆ هەڵبژاردن لەقەزاکەیان رایگەیاند “پەیامی ئێمە هەر پەیامی ئاشتی و تەبایی بووە، هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە خاڵە کردووەتەوە، لە چوار ساڵی رابردووی کارکردنماندا لە قایمقامیەتی قەزاکە، هەمیشە هەوڵمانداوە ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزرێزین، ئەمەش ئەزموونی یەکەمجارمان نییە، لەگەڵ هەڵبژاردن و خەڵکی ئەمشارە، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتریشدا، خروقاتێک نەبووە، کە جێگەی تەعلیمات بێت”.
قایمقامی قەزای سیدسادق دەڵێت “پێشتر کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە، هەر ئەو مەبدەئەمان جارێکی دیکە دووبارە کردووەتەوە، هەموو لایەنە سیاسییەکانیش رای ئێمە و خۆشیان پابەندن بەو قەرارە، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم لەم سنورەی ئێمە شتێکی نەخوازراو رووبدات لەکاتی بانگەشەکان”.
دیاری رەفیق ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی ئەم سنورەی ئێمە زیاتر کەس و کاری یەکن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لای ئێمە زۆر قوڵترە وەک لەشارەکانی دیکە.