نوچەنێت
ئەمڕۆ ١٥-٤-٢٠١٨ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە هەڵواسینی پۆستەر و ئاڵای حیزبەکان دەستیان بە بانگەشە کرد، بێجگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ بە فەرمی دەستیان پێ‌کرد.
لە باشووری کوردستان ڕۆژێک دوای پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بە هۆی ساڵیادی کارەساتی ئەنفال، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢-٥-٢٠١٨، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێدانى ژمارە بە قەوارە سیاسییەکان بە شێوەى تیروپشک بوو، کە لە ژمارە ١٠١ەوە دەستپێدەکات و بە ١٨٨ کۆتاىی دێت.
لە تیروپشکەکەی کۆمسیۆندا، پارتى دیموکراتى کوردستان ژمارە ١٨٤، یەکێتى نیشتمانى ١٦٢، یەکگرتوى ئیسلامى ١٧٥، بزووتنەوەى گۆڕان ژمارە ١٤٢، نەوەى نوێش ژمارە ١٢٠، کۆمەڵى ئیسلامى ١٠٢ و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى ژمارە ١٥٣ى بەرکەوت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە دەست بە بانگەشە دەکات و دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی شوێنی دەستپێکردن و چۆنیەتی و کات بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە دیاریی دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، خەسرەو گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند “بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق وه‌كو پارتی دروشم و سۆلۆگانی و لۆگۆ و په‌یام و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پەله‌مان نییه و سبەی دەست بە بانگەشە دەکەین.
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاماژەی بەوەدا “له پارێزگاکانی كه‌ركوك و سه‌لاحه‌دین، به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكه‌ین، به‌ڵام له موسڵ و دیاله و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه وه‌كو زوممار، شنگال، خانه‌قین، مه‌خموور و ناوچه‌كانی دیكه بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین. دەڵێت “بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە ١٦٠ کاندیدمان هەیە”.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پەیامێک لە مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ و هەروەها هەڵواسینی پۆستەر و ئاڵای یەکێتی لە شەقامەکانی هەولێر، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد.
لە پەیامەکەی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ هاتووە، به رۆحێكی كوردانه و له‌پێناو ده‌رخستنی رووی گه‌شی شارستانی وسه‌رده‌مییانه‌ی گه‌له‌كه‌مان، به‌تایبه‌ت له به‌رده‌م چاودێران و میوانانی بیانی، واده‌ی دیاریكراوی بانگه‌شه به‌هێمنی و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی به‌پاراستن و پته‌وكردنی یه‌كێتی نێو ماڵه گه‌وره‌كه‌ی كوردان به‌ڕێبكه‌ین.
بزووتنەوەی گۆڕان
لە کەرکوک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، کە لەگەڵ کۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ داپه‌روه‌ری، له لیستێکی هاوبەشدا بەناوی نیشتمان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، لە دوای نیوەڕۆی دوێنێ شەممە ١٤-٤-٢٠١٨، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.
بزووتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە ئاڵا و لۆگۆی گۆڕان و هەڵواسینی پۆستەری کاندیدەکانی، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی
یەکگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، بە پەیامی ئەمینداری گشتی و ناساندنی کاندیدەکانی بانگەشەی دەستیپێکرد.
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند “بەهیواین پێکەوە هەڵمەتێکی پڕ لە گەرموگوڕی ئەنجام بدەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە دروستەکانی ئەم هەڵبژاردنە کە ناردنی پۆلێک لە کاندیدی لێهاتوو و بوێر و پارێزەرێکی دروست و راستە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قاسم گەڵاڵی، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە رایگەیاند: بۆ هەر ناوچەیەک ژمارەیەک کاندیدمان دیاری کردووە و سەرجەم کاندیداکانمان ٥٣ یە و پێمانوایە دەنگی پێویست بەدەست دەهێنین.
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکگرتوو، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو پێمانوایە کورسی زیاتر دەهێنین. هەروەها داوا لە لایەنگرانی دەکات بە گەرمی و گوڕی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و بەشێوەیەکی هێمنانە ئەم هەڵمەتە بەڕێوە ببەن و رەچاوی ژینگەش بکەن و خۆیان لە بەدوور بگرن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
بەپەیامی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، ئەو حیزبە بانگەشەی هەڵبژاردنی لە کەرکوکەوە دەستپێکرد و رایگەیاند “كۆمه‌ڵ له ژێر به‌یداخی یه‌كتاپه‌رستی و له‌پێناو دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییان كارده‌كات. به گه‌شبینی و ئومێده‌وه له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڕوانین”.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ئەمڕۆ لە هەولێر و لە هۆڵی بابیلۆن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات و بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە گوتارێکی دەبێت. هەروەها رۆژی چوارشەممە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی رێوڕەسمێک ساز دەکەن و دوای گوتاری بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کاندیدەکانی ئەو لیستە دەناسێندرێن.
سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به لیستێکى سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق ده‌کات، لە رێوڕەسمێکدا بە گوتاری سکرتێری ئەو حیزبە، بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکرد و کاندیدەکانی حیزبەکە ناسێندران.
نەوەی نوێ
لیستی نەوەی نوێ، کە یەکەمجارە دەچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، بانگەشەی هەڵبژاردنی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم دەستپێکرد.