نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان رایدەگەیەنێت، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە بۆ دابەشکردنی زیاتر لە ١٢ هەزار پارچە زەوی، بەسەر کەسوکاری شەهیدان.
لەماوەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، رەزامەندیدا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و جینۆساید، ژمارەیەک لەو پارچە زوییانە دابەشکراون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم، لەبارەی دابەشکردنی زەوی بۆ شەهیدان رایگەیاند “ئەرکی وەزارەتی شەهیدان بۆ دابەشکردنی زەوی وەرگرتنی رەزامەندیە لە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی کاری دابینکردنی زەوی و یەکەی نیشتەجێ بوون دەکات”.
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت “لە ئێستادا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەیە بۆ دابەشکردنی زیاتر لە ١٢ هەزار پارچە زەوی بەسەر، شەهیدانی سەنگەر، پێشمەرگە، جینۆساید و ئەنفال کراوان و چاوەڕێی وەزارەتی شارەوانی دەکەین، تاکو زەوی دابین بکات، بۆ ئەوەی دابەش بکرێت بەسەر کەس و کاری ئەو شەهیدانە”.