نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، بەدووری دەزانێت پڕۆژە یاسای چاکسازی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەندبکرێت و رایدەگەیەنێت، ئەو فشارانەی درووستبوون بۆ گەڕانەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان، فشارای بنەڕەتی خەڵک نەبوون، ئێستاش کەوتووەتە نێوان موزایەدەی سیاسی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ترسیان لەوەهەیە، بکرێتە بانگەشەی هەڵبژاردن.
رۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠١٨، پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵەکانی پەسندکرد، بەڵام دوای پەسەندکردنی بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵک و داواکاری زۆربەی فراکسیۆنەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئیمزای لەسەر یاساکە نەکرد، بڕیاریدا بەگەڕانەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان و بڕیاریشە سێ ماددەی لێ هەموار بکرێتەوە، کە تایبەتن بە خانەنشینی، دەرماڵە. چاوەڕێ دەکرێت بەجێبەجێکردنی یاساکە نزیکەی ١٠٠ملیار دینار بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێم بگەڕێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئایدن مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پڕۆژە چاکسازی رایگەیاند “پڕۆژەیاسای چاکسازی (لە خانەنشینی و موچە و دەڕماڵەکان)، گرنگترین پڕۆژە بووە لە مێژووی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕژەیاسایە، چاکسازییەکی زۆرباش دەکرا، دەبوایە جێبەجێ بکرایە، کەنەکرا ئەو فەوزایەی دروستکرد، ئەو فشارانەش کەدرووستبوون بۆ گەڕانەوەی یاساکە بۆ پەرلەمان، فشاری بنەڕەتی خەڵک نەبوون”.
ئایدن مەعروف دەڵێت “پڕۆژەیاسای چاکسازی، کەوتووەتە نێوان موزایەدەی سیاسی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کورستان ترسیان لەوەیە، بکرێتە بانگەشەی هەڵبژاردن، لە نێوان دوو هەڵبژاردنی گرنگداین و پڕۆژە یاساکەش لەهەردوو هەڵبژاردنەکە گرنگترە، بۆیە نەدەبوو پەرلەمان یاساکەی گەڕاندبایەوە، چونکە ئێستا کاتەکەی گونجاو نییە بۆ پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر رێککەوتن و سازان بەکۆنووس نەکرێت، لە نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بۆ تێپەڕاندنی بەدڵنیایییەوە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانەوە. گوتیشی “ئاماژەکان زیاتر بەو شێوەیەن، کە بخرێتە دوای هەڵبژادنەکان”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، کە “هیچ کێشەیەک لە ناو ئەو پڕۆژەیاسایەدا نابینم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کاری زۆرباشی لەسەر کردووە، پەرلەمان-یش کاری زیاتری لەسەرکردووە، ئەوەشی کێشەی لەسەرە چەند بڕگەیەکە، ئەگەر لایەنەکان بییانەوێت دەتوانن بەشێوەیەکی داد پەروەرانە چارەسەری بکەن، بەشێوەیەک، کە لەبەرژەوەندی فەرمانبەران و حکومەتیش بێت”.