نوچەنێت
لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی لە رووانگەی فیقهی ئیسلامی بە ئاڵۆز، یاساغ و نادروست ناوبرد و دەڵێت “وەن کۆین دراوێکی گریمانەییە و شەریعەتی ئیسلام مامەڵەکردن بە دراوی گریمانەیی پێ دروست نییە”.
لە نووسراوێکدا،لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، کە بەرواری ٥-٤-٢٠١٨ی لەسەرە، لەسەر مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی (وەن کۆین) و لە وەڵامی پرسیاری بەشێک لە هاوڵاتیان و بەتایبەت پ. د. خالید محەممەد ساڵح، سەرۆکی ئەنیستیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی فەتوایەک دەردەکات، کە تێیدا هاتووە:
١- مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی و هاوشێوەکانی لە رووانگەی فیقهی ئیسلامییەوە ئاڵۆز و یاساغ و نادروستە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
ئ-دراوێکی گریمانەییە و شەریعەتی ئیسلام مامەڵەردن بە دراوی گریمانەیی پێ دروست نییە.
ب- دراوێکی نادیارە لەهەموو روویەکەوە ، واتە ناڕوونی سەرچاوەی هەیە ، چونکە لایەنی دەرکردنی دیار نییە ، کە ئەمەش (غرر) ئاڵۆزی و نادیاری دروستدەکات ، شەریعەتیش مامەڵەی نادیاری پێ دروست نییە.
ج-دراوەکە لەلایەن هیچ بۆرسەیەکی جیهانییەوە دانی پێدا نەنراوە و مامەڵەی لەتەکدا نەکراوە ، هەروەها متمانەی بانکە جیهانییەکانی نییە و هیچ بانکێکی باوەڕ پێکراو لە جیهاندا متمانەی پێنەداوە و هیچ رەسیدێکی دیاریشی نییە ، تەنیا بەڵێندەدرێت بە بەکاربەرەکانی ، ئاشکراشە بەڵێنی بە تەنیاش هیچ بەهایەکی نییە.
د- نەبوونی گەرەنتی فەرمی لە دەزگا ئابوورییە پەیوەندیدارەکان ، واتە؛ ئەم دراوە هیچ زەمانەتێکی نێودەوڵەتی راستەوخۆی نییە ، بۆیە هەر پارەیەک لەو بوارەدا خەرجبکرێت بەرەو نادیار دەڕوات و وەک قومارکردن وایە.
هـ- ناڕوونە و هیچ سەرچاوەیەک یان نووسینگەیەک یان کۆمپانیایەکی ئابووری دیاری متمانە پێکراوی نییە ، بەتایبەت لایەنی فرۆشیار نادیارە ، نادیاری لایەنی فرۆشیاریش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر دروست نەبوونی مامەڵەکە.
و- گومانی دیکەی زۆری لەسەرە سەبارەت بە نەبوونی مەرجەکانی دروستی مامەڵەی گۆڕینەوە (الصرف) تیایدا.
٢- لە بازنەی هیچ مامەڵەیەکی شەرعیدا تا ئەم ساتە وەختە جێگەی نابێتەوە، بۆیە داواکارین لە هاونیشتمانیان کە خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردنی دراوی ئەلیکترۆنی بەتایبەت وەن کۆین ، چونکە وەک گوتمان هیچ پرەنسیپێکی شەرعی نایگرێتەوە و دوورە لە مەرج و داڕشتە و یاسا شەرعییەکان.
٣- هەرکات هەلومەرجەکان گۆڕان و توانرا دراوێکی ئەلیکترۆنی بەپێی مەرجە شەرعییەکان لە مامەڵەکردن بەرهەم بهێندرێت ، دوور لە ساختەکاری و نادیاری و قومارکاری و سپیکردنەوەی سامان و خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەواو چەتەگەرایەتی و قەرسەنەکردن ، هەروەها سەرچاوەیەکی دیاری متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی پەیداکرد و لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دەزگا ئابوورییە پەیوەندیدارە جیهانییەکاندا بوو ، وە لەکاتی فەوتاندا گرەنتی قەرەبووکردنەوەی هەبوو ، ئەوکات لیژنەی فەتوا شرای دیکەی دەبێت ، چونکە گرفتەکە لە مامەڵەی بازرگانی ئەلیکترۆنیدا نییە ، بەڵکو لە هەلومەرج و داڕشتەکاندایە.

