
14 حزبی کوردستانی: پشتیوانی هێزی پێشمەرگە دەکەین بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان
نوچەنێت
ئهمڕۆ 18/11/2012 لهشاری سلێمانی لە بارەگای حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆبونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان ١٤ لایەنی سیاسی كوردستان ئەنجام درا و دەربارەی هەلومەرجی سیاسی هەرێم و جموجۆڵەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە ئەم راگەیەنراوەیان راگەیاند.
دهقی راگهیهنراوهكه:
ماوەیەكە حكومەتی فیدرال لە بەغداد خەریكی هێز كۆكردنەوەیە لە ناوچە دابڕێنراوەكان بە گشتی و لە سنوری كەركوك بە تایبەتی لەڕێگای پێكهینانی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە كە دەیەوێ لە هەموو لایەكەوە كۆنترۆلی ئەو شارە بكات و واقعێكی تازە فەرز بكات كە پێچەوانەی دەستوری عێراق و ئیرادەی خەڵكی ناوچەكەیە، بۆیە ئیمە ئیدانەی دروست بونی بەناو سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو جموجۆڵەكانی دەكەین كە پێچەوانەی دەستوری عێراقە كە تیایدا هاتوە سوپا بەهەماهەنگی نێوان هەرێم و ناوەند بێت بۆیە لەم كاتەدا ئەم هەوڵانەی سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عێراق و ئۆپەراسیۆنی دیجلە بە هاوشێوەی ئەو بەرنامانە دەزانین كە لە ڕابردودا سوپا بۆ كێشەو ململانێ ناوخۆییەكان بەكار دەهێنرا ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی دامەزراندنەوەی عێراقی نوێی دوای ڕوخانی دیكتاتۆریەتی بەعسە.
هاوكات ئیدانەی ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەی دووساڵی ڕابردووی مالكی دەكەین كە پێچەوانەی كارنامە ڕاگەیەنراوەكەیەتی بۆ حوكمڕانی لە عیراقدا هیچ كاریكی بۆ جێبەجێكردنی نەكردوە بەتایبەت مادەی 140 ی دەستوری عێراق كەمافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە وە ئیدانەی هەموو دەستێوەردانێكی ئیقلیمی دەكەین كەدژی بەرژەوەندیەكانی هەرێم و گەلی كوردستان بێت وە پێویستە ڕێكەتنامەی نێوان عێراق و توركیا هەڵبوەشێتەوە، كە ڕێگە بە سوپای توركیا دەدات كە بێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە.
داواكارین لە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئۆپەراسیۆنی دیجلە هەڵبوەشێنیتەوە و لە جێی ئەوە كاربۆ پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكات چونكە ئەزمونی ڕابردوو نیشانی داوە كە دروستكردنی ئەو كێشانە ئەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی بنەماكانی عێراقی فیدرال و پێویستە ئەو خەرجیانەی ئەیكات بۆ ئۆپەراسیۆنی دیجلە بیكاتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئابوری بۆ باش كردنی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق.
وەداواكارین حكومەتی عێراق پابەند بێت بە دەستورو ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتیەكانەوە و واژۆكردن و جێبەجێكردنی ئەوڕێكەتننامانەی كە ڕێگرە لە كۆمەڵكوژی و بەكارهێنانی سوپا لەكێشەو ململانێ ناوخۆییەكاندا
لەكۆبونەوەكەدا دوپاتی هاوهەڵوێستی و یەك وتاری سیاسی لە ئاست ڕوداوەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا كرایەوە و وە پشتگیریكردنی لە هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی كوردستان كە شێوازی سیاسی و دیپلوماسی گرتۆتە بەر هاوكات پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو ئەو جموجۆل و بەرنامانەی وەزارەتی پێشمەرگە كە ئامادەباشی كردوە بۆ بەرگری كردن لە هەرێمی كوردستان دوپات كرایەوە .
لەهەمان كاتدا داواكارین لە جەماوەری گەلەكەمان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەو سیاسەت و دۆخە نەخوازراوەی كەدەیانەوێ بیسەپێنن بەسەر هەریمی كوردستاندا بۆ ئەم مەبەستە داواكارین هەمو شێوازێكی مەدەنی و دیموكراتیانە لەم پێناوەدا بگیرێتە بەر .
ناوی لایەنەسیاسیەكان:
1-حزبی شیوعی كوردستان
2-حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
3-حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
4-یەكێتی نشتیمانی كوردستان
5-پارتی دیموكراتی كوردستان
6-پارتی چەپی كوردستان
7-پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
8-یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان
9-پارتی نەتەوەیی كوردستان
10-پارتی پارێزگارانی كوردستان
11-حزبی پێشكەتنخوازی دیموكراتی كوردستان
12-بزوتنەوەی ڕزگاری دیموكراتی كوردستان
13-بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
14-كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان