نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستی بەزەمینەسازی گونجاو هەیە. گەورەترین کێشەی بەردەم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی لەئێستادا، ململانێی سیاسی نێوان هێزە کوردییەکانە.
ماوەی دوو رۆژە شاندێکی پارتی دیموكراتی گهلان(هەدەپە) لەهەرێمی کوردستانن، سەدانی زۆربەی حیزبەکانی باشوری کوردستان یانکردووە. یەکێک لەئامانجەکانی شاندەکە، باسکردنی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە، لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان، لەماوەی رابردوودا چەندجارێک هەوڵدراوە ئەو کۆنگرەیە ببەسترێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هێزەسیاسییە کوردستانیەکان شکستی هێناوە.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، ئاری هەرسین سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی کوردستان،لەبارەی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد رایگەیاند”گەورەترین کێشەی بەردەم بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی لە ئێستادا، ململانێی سیاسی نێوان هێزە کوردییەکانە، ئەگەر چوار حیزب و لەتێک لەباشوری کوردستان، نەتوانن لەدەوری مێزێ کۆببنەوە و بەیەوەکە گفتوگۆبکەن. ئەی چۆن حیزبەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەتوانن بەیەکەوە دابنیشن، بۆیە بەرلەوەی کۆنگرە ببەسترێت، دەبێت ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان خۆمان هەیە نەیانهێڵین”.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەتەوەیی پێیوایە، بەستنی کۆنگرە لەم کاتەی ئێستادا، زۆر کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی کورد لە ناوچەکە “ئەگەر کۆنگرەیەکی لەو شێوەیە ببەسترێت، باشترە لە هەولێری پایتەختی کوردستان بێت، وەکو سمبولێک، کە باشوری کوردستان هیچ نەبێت نیمچە سەربەخۆییەکمان هەیە”.
ئاری هەرسین بەپێویستی دەزانێت، کۆنگرەکە لە ئاستی باڵای حیزبە کوردیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بێت و، کەسی یەکەمی حیزبەکان، کەخاوەنی بڕیارن بەشداری کۆنگرەکە بکەن