نوچەنێت: تایبەت
قائیمقامی قەزای مه‌خموور رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه سەرجەم فه‌رمانگه‌کانی سەر بە حکومەتی هەرێم بەڕووی هاوڵاتیانی سنورەکەدا کرانەوە و ده‌ست به ده‌وامی فه‌رمی کرایەوە.
دوای زیاتر لە پێنج مانگ، بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ھەفتەی رابردوو رێگەی ھەولێر- مەخموور بە رووی ھاوڵاتیان كرایەوە و ھاتووچۆ بەو رێگەیەدا ئاسایی بووەتەوە. هەروەها بڕیاری گەڕاندنەوەی فەرمانگەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان درا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رزگار محه‌مه‌د، قائیمقامی مه‌خموور، لەبارەی گەڕانەوەی فەرمانگە حکومییەکان هەرێم بۆ قەزاکەیان رایگەیاند “بەپێی بڕیارەکە سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان، دە گەڕێنەوە قەزای مەخموور بۆ ئەوەی دەست بە کاری ئاسایی خۆیان بکەنەوە، لەگەڵ گونجانی بار‌و دۆخەکە، و چوڵبوونی ئەو بینایانەی، کە هەندێکیان تائێستا هێزی سەربازی یان تێدایە”.
قائیمقامی مه‌خموور ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی دووشەممەی رابردوو فەرمانگەکانی سەربە حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە و دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن.
رزگار محه‌مه‌د گوتیشی “ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه ٨-٤-٢٠١٨، سەرجەم فه‌رمانگه‌كانی سەربە حکومەتی هەرێم، بەڕووی هاوڵاتیاندا کرانەوە و ده‌ست به‌ده‌وامی فه‌رمی کرایەوە، هاوڵاتیان بەشێوەیەکی ئاسایی سەردانی فەرمانگەکانیان کرد، بەمەبەستی رایکردنی کارەکانی خۆیان”.