نوچەنێت
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە گەڵ بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی کۆبوونەوە و هاوخەمی خۆیان بۆ بارزانی دەربڕی.
ئەمڕۆ (شەممە ٧-٤-٢٠١٨)، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، لەگەڵ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) کۆبوویەوە، كە پێكهاتبوو لە خاتوو پەروین بۆڵدان، هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە، ئۆسمان بایدەمیر، فەلەكناز ئۆجا، ئیمام تاشجیەر، زەینەب بۆغا پارلەمانتارانی هەدەپە و موزەیەن گونەش و عابید ئیكە نوێنەرانی ئەو حزبە لە هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیدارەكەدا شاندی باڵای هەدەپە سەرەخۆشییان لە بارزانی كرد، بەبۆنەی كۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی و هاوخەمی خۆیان بۆ بارزانی دەربڕی، وێڕای ئاماژەدان بە كێشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان لە توركیا و عێراق، هەروەها گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ڕۆژئاوا و شەڕی عەفرین ئەوەیان خستەڕوو، كە دیداریان لەگەڵ بارزانی لەو كات و ساتەدا زۆر مانا دەگەیێنێت.
هەروەها شاندی هەدەپە، ڕۆشناییان خستەسەر ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و جەختیان لەوە كردەوە، كە كێشەكانی بەردەم گەلی كوردستان لە ناوچەكەدا پەیوەستە بە یەكتر و داوای هەماهەنگی و ڕاوێژی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردیان كرد.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان باسیان لە دەرئەنجامی كۆنگرەی حزبەكەیان كرد و كورتەیەكیان لە ڕەوشی سیاسی توركیا و بارودۆخی هاوڵاتیانی كورد و كار و چالاكییەكانی هەدەپە بۆ بارزانی شی كردەوە.
لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای هەدەپەی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەو حزبە و كوردانی باكووری كرد، هەروەها رۆشنایی خستەسەر وردەكاری رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و تەئكیدی لەوە كردەوە، كە بژاردەی سەرەكی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغێكدا ئاشتی بووە و هەمیشە شەڕی بەسەردا سەپێندراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی داوای كرد ”پێویستە هەموومان لەسەر ڕێگەچارەی واقعیانە و ئاشتییانە بگەینە ئەنجام و لەگەڵ ئەوەیشدا زمانی زۆرداری و چەك و خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت“.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە لەسەر پێشهاتە نوێیەكان و ڕێگەچارەسەرەكان لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.
شایانی باسە لەو كۆبوونەوەیەدا ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان ئامادە بوون.
