نوچەنێت: تایبەت
رۆژی شەممە ٧-٤-٢٠١٨، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی حەجی بازرگانی راگەیاند. بەڕیوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت “بە کارێکی نادادپەروەرانەی دەزانم”.
قاسم رەسوڵ، بەڕێوەبەی گشتیی حەج و عومرە لە پریس کۆنفرانسێکدا، حەجی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، راگەیاند. ئاگاداری هەموو ئەو کەسانەی کردەوە، کە دەیانەوێ بەشێوەی بازرگانی حەج بکەن، لە رۆژانی یەکشەممە ٨-٤-٢٠١٨ و دووشەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ناوچەکانیان بکەن و خۆیان ناونووس بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەریوان نەقشبەندی، بەڕیوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی حەجی بازرگانییەوە رایگەیاند “ئەوەی بە حەجی بازرگانی سەفەر دەکات ناچێتە ناو تیروپشکی تایبەت حاجیانی دیکە، کە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان دیاری کراوە. ئەمە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە پارەدارن و مەرجەکانی حەجیان لەسەرە.
مەریوان نەقشبەندی دەڵێت، نرخی چوونی هەر کەسێک بۆ حەج بەڕێگای حەجی بارزگانی، هەشت هەزار دۆلارە. هەروەها هاوڵاتییان، کە بەڕێگای ئاسایی و تیروپشکەوە حەج دەکەن، بڕی چوار هەزار و ١٠٠ دۆلاریان لێوەردەگیرێت. بەڵام هەموو شتەکانی دیکە وەک حاجیانی دیکە دەبێت.
بەڕیوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوە ژیان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەدا، پشکی هەرێمی کوردستان لە حەجی بازرگانی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ کەسە. هەرکەس ئارەزووی لێ بێت دەتوانێت بڕوات بەبێت تیروپشک، بەڵام ئەگەر رێژەکە زۆر بێت تیروپشک ئەوانیش دەگرێتەوە لەناو خۆیاندا.
نەقشبەندی گوتی، حەجی بازرگانی لە سیستەمی حەجی عێراقیدایە و ئەم جۆرە حەج کردنەش لە زۆربەی وڵاتەکاندا هەیە. نازانم ئەمەیان چۆن شەرعاندووە، بەڵام وەک خۆم بە کارێکی نادادپەروەرانەی دەزانم.