نوچەنێت:تایبەت
ئەندام پەرلەمانیكی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە کە حیزبەکەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار هێنابێت و دەڵێت ” بانگەشەی هەڵبژاردن، لەرێگەی خۆپیشاندانەوە ناکرێت”.
لەخۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک کاندیی پەرلەمانی عێراق لەناو خۆپیشاندانەکان دەبینران و هوتافیان دەگوتەوە. لە ناویشیاندا ژمارەیەک کاندید و هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان دەبینرا، لەکاتێکدا مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مافی خۆیان هاتبوونەسەرشەقام، بەرای هەندێ حزب و بەشێک لە خەڵکیش خۆپیشاندانەکانی خەڵک لەلایەن هەندێ حزب و هێزەوە، بۆ مەرامی سیاسی ئیستیغلال دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، قارەمان قادر ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە کە حیزبەکەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار هێنابێت و دەڵێت”بانگەشەی هەڵبژاردن لەرێگەی خۆپیشاندانەوە ناکرێت. زۆربەی کاندەکان لە لیستە جیاجیاکانیتر بەشداری خۆپیشاندانەکانیانکردووە، بەهەمان شێوە کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەژداری خۆپیشاندانەکانی کردووە، بەڵام هەموو ئەو کاندیدانەی ئێستای گۆڕان بەشێکیان پەرلەمانتاری خولی پێشووترن و بەشێکی دیکەیان هەڵسوراوی گۆڕانن، کە خۆیان هەڵقوڵاوی ناو ئەوجۆرە لە خەباتە سیاسییە مەدەنیەن”.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان هەروەها دەڵێت”ناکرێت ئەمڕۆ یەکێک کاندید بێت، بەتایبەت لەبزوتنەوەی گۆڕان کەهێزێکی ئۆپۆسۆزیۆن بووە و بەشداری خۆپیشاندانی کردبێت، پێی بوترێ بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن ئیستیغلالی خۆپیشاندانەکانی کردووە، ئەمە دەکرێت بۆ هێزەکانی دەسەڵات راست بێت، لەبەر ئەوەی ئەوان بەبەردەوامی مافی خەڵکیان پێشێل کردووە”.
قارەمان قادر زیاتر لەبارەی حزبەکەیەوە دەڵیت” بزوتنەوەی گۆڕان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە وەک هێزێکی کاریگەری ئۆپۆسۆزیۆن، سەرکردایەتی هەموو ئەو نارەزەیایەتییانەی خەڵک و شەقامی کوردی گرتووەتە ئەستۆی خۆی و بە بەردەوامی پشتیوانی داواکاری جەماوەرەکەی بووە”.
گوتیشی”چەندین جار لایەنی دەسەڵات ویستوویەتی خۆپیشاندانەکان بەلا رێداببات، بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن وەک هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی دا تۆمەتباربکرێت، یان وای نیشانبدات کەگۆڕان ویستوویەتی دۆخی ئارامی هەرێمی کوردستان تێکبدات، بەڵام هەموو ئەوانە کاریگەرییان نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەم حکومەت بە بەردەوامی قەیران لەدوای قەیران و شکست لەدوای شکستی تۆماری کردووە”.