نوچەنێت: روداو
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ 14ی ئەم مانگە دوورخستەوە، بەڵام وەك حیزبەكان خۆشیان دانی پێدادەنێن، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بە گەرمی دەستیپێكردووە. بەپێی زانیارییەكان یەكێتی دەیەوێ بەرهەم ساڵح ئاگادار بكاتەوە كە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پەلاماری یەكێتی نەدات. گۆڕانیش، نەوەی نوێ بە دروستكراوی لایەنێكی نێو حكومەت دەزانێ بۆ دژایەتیی ئەوان.
د.بەرهەم ساڵح، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بەناوی ناساندنی قەوارەكەی سەردانی چەند شار و شارۆچكەیەكی كوردستانی كرد و قسەی كرد، بەڵام هەرزوو قسەكانی ئەو پیاوە كە تاوەكو چەند مانگێك لەمەوبەر جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، بەرپرسانی یەكێتی تووڕە كرد و تووڕەییەكەش لە زمانی مەلا بەختیارەوە گەیشتەوە بە بەرهەم ساڵح.
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، باسی كۆبوونەوەكەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی دەكات و دەڵێت باسی شێوازی كەمپەینی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵحی تێدا كرا كە رەخنەی توند رووبەڕووی یەكێتی دەكاتەوە: “بەرهەم ساڵح خراپ دەستیپێكردووە، دەبێ باش بزانێ ئەو هێز و قوەت و قورسایی كاك نەوشیروانی نییە، تاوەكو چی بوێت بیڵێت و بیكات، ئەگەر ئەوەندە هێرش بكات و دەماری یەكێتی بگرێ، ئەو نەوشیروان مستەفا نییە، یەكێتی چاوپۆشی لێبكات”.
لەبارەی ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “ئێمە وەك یەكێتی دووردەكەوینەوە لە زمانی زبر و شەڕە قسە”.
بەڵام ئەو بەرپرسەی یەكێتی، بە قورسی دەزانێ ئەگەر بەرهەم ساڵح لەلایەك و گۆڕان و لایەنەكانی دیكە لەلایەكی دیكە هێرش بكەنە سەر یەكێتی، بتوانن هەروا ئارام بمێننەوە “باشترین شت ئەوەیە كاك بەرهەم هەمان گەمەی كاك نەوشیروان دووبارە نەكاتەوە بەرامبەر یەكێتی، ناكرێ لە هەڵەبجە باسی 1964 بكات”.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان لە عێراق و كوردستان، بەهۆی لیست و قەوارە و هاوپەیمانێتی نوێوە ململانێیەكی ئێجگار تووند بە خۆیەوە دەبینێ كە لایەنەكان لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی زۆرتردا ئێسكی یەكدی دەشكێنن و تەنانەت دەست لە هەڵدانەوەی لاپەڕە تایبەتییەكانی مێژووی یەكتریش ناپارێزن. جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی و شەڕی گۆڕان بۆ مانەوە بەو هێزەی ئێستایەوە و سەردەرهێنانی نەوەی نوێ، بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009 بەبیر سلێمانی دەهێننەوە كە نائارامی و شپرزەیی بۆ ماوەی مانگێك ئەو شارەی داگرت.
د.رێبوار كەریم، گوتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پێیوایە د.بەرهەم ساڵح بە ناڕەوا رەخنەی لێدەگیرێ و دەڵێ، ئەو دیدارانەی لە شار و شارۆچكەكان هەیبوون و قسەی بۆ خەڵك كردووە “تەنیا بۆ ناساندنی هاوپەیمانی بووە كە هاوپەیمانی چییە و پلانی چی هەیە”، گوتیشی: “بەدڵنیاییەوە ئێمە رەخنەی تووند لە حوكمڕانی دەگرین و یەكێتیش بەشێكە لە حوكمڕانی و دەبێ تەحەمولی ئەو دۆخەی ئێستا و ئەو رەخنانە بكات، چونكە گلەیی لە شێوازی حوكمڕانییەكەیە نەك كەسایەتییەكانی نێو یەكێتی”.
لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا، میدیای گەرم بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە بوو. كاتێك بە بەردەوامی سیستمی حوكمڕانی رەخنەباران دەكرد و لەو چوارچێوەیەشدا یەكێتی و پارتی بە هۆكاری هەموو نەهامەتییەكان لە قەڵەم دەدا. بەڵام ئێستا میدیایەكی تووندتر لەوەی خۆی بەرامبەری وەستاوەتەوە و چەند رۆژێكە بە بەردەوامی رەخنە لەو بزووتنەوەیە دەگرێ، ئەویش میدیای نەوەی نوێیە.
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان پێشبینی دەكات بانگەشەیەكی تووند و پڕ لە پێشێلكاری بەڕێوەبێت. لەبارەی ئەو رەخنانەش كە رووبەڕووی ئەوان دەبێتەوە، دەڵێ: “ئەوەی ئێستا زۆر لەسەر ئێمە قسە دەكات شاسوار عەبدولواحیدە. ئێمە واتێدەگەین شاسوار لە لایەنێكەوە ئاراستە دەكرێ بۆ ئەوەی پەلاماری ئێمە بدات، گومانمان هەیە لایەنێكی نێو دەسەڵات ئاراستەی بكات و وڵاتێكی دەرەوەش لەپشتییەوە بێ”.
خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی فەرمانبەران و مامۆستایان لە سلێمانی و دەوروبەری، درێژەی هەیە و زۆرتر ترسی خستووەتە سەر بانگەشەی هەڵبژاردن. چونكە بووەتە شوێنێكی لەبار و گونجاویش بۆ ئەو كاندیدانەی دەیانەوێ باشتر و كاریگەرتر بچنە بەرچاوی دەنگدەرانیان. هەر ئەوەش وایكرد رۆژی 1/4/2018 هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكان و بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری كۆببنەوە و راگەیێندراوێكی 14 خاڵی بڵاوبكەنەوە كە یەكێك لە خاڵەكان داواكارییە لە حیزبەكان تا لەوە زیاتر خۆیان نەخزێننە نێو خۆپیشاندانەكانەوە . ئەوە جگە لەوەی پێداگیری كراوە لەسەر ئەوەی دەرفەت نەدرێ بە شێواندنی كەشوهەوای پارێزگای سلێمانی لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.
بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. لە بەغداش هەمان ترس حكومەتی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان پەیماننامەی شەرەف لەنێوان هێز و لایەنەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق واژۆ بكرێت. رەعد دەهلەكی، سەركردە لە هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، پەیماننامەی شەرەفی هەڵبژاردن لەپێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕەسمی رادەگەیەنرێت و ئێستا پەیماننامەكە لە قۆناغەكانی كۆتایی ئامادەكردندایە. بەپێی ئەو پەیماننامەیە، نابێت هیچ لایەنێك هێرش بكاتە سەر لایەنی دیكە و رێگری لە بانگەشەی هیچ لایەنێك نەكرێت و پابەندی رێساكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بن كە ئەم پەیماننامەیە بە سەرپەرشتی یان كۆبیچ، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادە كراوە و لە 24 بەند پێكهاتووە.
بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەمان پەیماننامەی شەرەف بۆ باشووری كوردستانیش بە گرنگ دەزانێ تاوەكو ئەگەری توندوتیژی دووربخرێتەوە. مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ، هەر لەئێستاوە دۆخەكە نائاساییە و هێرش بۆ سەر یەكدی دەستیپێكردووە “دەبێ رێككەوتنێك بێتە ئاراوە كە هێڵی سوور لە نێوان لایەنەكان دیاری بكات، بەڵام شتەكان وا شێواون، متمانە نەماوە لەنێوان حیزبەكان و حكومەت و خەڵك و ئاسان نییە ئەو كارە بكرێ'”.
ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ نەك هەر هێرشی میدیایی “بەكارهێنانی شەقامیش لەلایەن حیزبەكانەوە وای لێكردین ئەو كۆبوونەوەیە بكەین، ئەگەر لەكاتی بانگەشەدا خوانەخواستە هەست بكەین مەترسی دروستدەبێ، بەپێی یاسا هەموو دەسەڵاتەكانمان بەكاردەهێنین بۆ سزادانی ئەوانەی پشێوی دەنێنەوە”.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشوازی لە قسەكانی گوتەبێژی یەكێتی دەكات كە گوتی ئەوان بە ئارامی بانگەشە دەكەن و گوتی: “بەدڵنیاییەوە حیزبەكان ئاگادار دەكەینەوە كە دۆخەكە نەشێوێنن و بەپێی یاسا و رێنماییەكان بانگەشە بكەن و خۆپیشاندان و مانگرتنی فەرمانبەرانیش بەكارنەهێنن بۆ ئامانجی سیاسی و حیزبی”.
هەرچەندە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، سزای ئەوانە دەدات كە یاسا و رێساكانی كۆمسیۆن دەبەزێنن لەكاتی بانگەشەدا، بەڵام نزار مەحموود، ئەنجامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە ئەو سزایانە دارایین و حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەئاسانی پارەكە دەدەن و چارەسەری دەكەن “دەبێ رێككەوتنێك بێتە ئاراوە لە نێوان لایەنەكان، هەرچەندە متمانەم بەو میساقەی بەغداش نییە و یەك دنیا رێككەوتن پێشێل كراوە”، گوتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی، پەیماننامە و رێككەوتنی نێوان لایەنەكان بەپێویست نازانێ مادام كۆمسیۆن چاودێرە و رێسای خۆی هەیە “ئێمە پێشێلكاری ناكەین و رێنماییەكانی كۆمسیۆنیش بەسە بۆ ئەوە”.