نوچەنێت:تایبەت
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرجەم حیزبە سیاسییەکان ئەگەر خۆیان بەخاوەنی میللەت دەزانن. دەبێت ئەوە بزانن کە دۆخی پەروەردە ئێستا لەقەیرانێکی سەختدایە.
دوای زیاتر لە دوومانگ لە بایکۆتی مامۆستایان، رۆژی دووشەممە ٢-٤-٢٠١٨ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مەترسی هەژمار نەکردنی ساڵێکی خوێندنی راگەیاند و داواشی لە مامۆستایانکرد، بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی شکست نەهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستکاری پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی راگەیاندووە.
لە لێدوانبێکی تایبەت بەنوچەنێت، قارەمان قادر ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەقسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ شکاندنی بایکۆت رایگەیاند”وەک پەرلەمانتارێک پشتگیری قسەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەدەی سلێمانی دەکەم، لە ئێستادا گرنگی تەواو بە خوێندکاران بدرێت بۆ ئەوەی ساڵێکی خوێندنیان نەفەوتێت. سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش ئەگەر خۆیان بەخاوەنی ئەم میللەتە دەزانن، دەبێت ئەوە بزانن کە دۆخی پەروەردە، ئێستا لە قەیرانێکی سەختدایە و لەداهاتوو کێشەی دیکەمان بۆ دروستدەکات”.
هەروەها قارەمان قادر، گوتیشی”دەبێت حیزبەسیاسییەکان بەبزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، ئەو راستییە قبوڵ بکەن لە ئێستادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان شکستی هێناوە، حکومەت خۆی سەرچاوەی دروستکردنی قەیرانەکەیە، چونکە هەمووکات دەیتوانی، مانگانە موچەی تەواوی فەرمانبەرانی کوردستان بدات، بەڵام بەناوی پاشەکەوتەوە نەیداوە”.