نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای خورماتو رایدەگەیەنێت، نزیکەی لە ٦٥% ی هاوڵاتیانی دووزخورماتوو گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان “ئەگەر پێشمەرگە جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەیان، ترس و دڵەراوکێی خەڵک دەڕەوێتەوە”.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، نەجات حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی قەزای دوز خورماتو، سەبارەت بە دۆخی ئەمنی قەزاکەیان رایگەیاند”ئەمنیەتی شارەکە تاڕادەیەک باشە و نزیکەی لە ٦٥% ی هاوڵاتیان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئێستا هێزەکانی (رەد السەریع) دۆخی ئەمنی شارەکە بەڕێوەدەبەن، تاڕادەیەک هاوسەنگیان پاراستووە و خروقات کەمبووەتەوە”.
لە بارەی مامەڵەی ئیداری شارەکە لەگەڵ خەڵکی کورد، گوتی”مامەڵەی هاوڵاتیان زیاتر پەیوەندی بەقایمقامیەتەوە هەیە و، تاڕادەیەک باشە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای خورماتو ئاماژەبەوەدەکات، کە پێشتر کورد لەم شارە زۆر شتی بەدەستبووە، بەڵام ئێستا کورد ئەو دەسەڵاتەی نەماوە، بۆیە بۆ کورد قورسە دەبێت، لەو بڕوایەش دانیم، بەئاسانی دۆخی ژیان لە خورماتو، وەکو خۆی لێ بێتەوە.
لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت”گەڕانەوەی پێشمەرگە، بۆ ئەوناوچانە هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت و ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ناوچەکە دەڕەوێتەوە، ئاسانکارییەکی باش دەبێت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە”.