نوچەنێت: تایبەت
بەهۆی پەلاماری رێکخراوی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ٣-٨-٢٠١٤، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژن و منداڵ کەوتنە دەست داعش و تائێستاش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە. قایمامی شنگالیش دەڵێت “بەهۆی کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال، تائێستا ٦٦ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام تائێستا هیچیان هەڵنەدراونەتەوە”.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محما خەلیل، قایمقامی شاری شنگال، سەبارەت بە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئێزدیەکانی شنگال و دەوروبەری رایگەیاند “تائێستا ٦٦ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لە ناوچەکە و بڕیار بوو گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و هەرێم لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە خاکبسپێردرێنەوە، بەڵام لەبەر دۆخەکە ئەوە نەکرا.
قایمقامی شنگال دەڵێت، هۆکاری هەڵنەدانەوەی گۆڕەکان لەبەر ئێزدی بوونیانە، چوونکە پەیوەستە بە کردنەوەی دۆسیەی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان. گوتیشی نازانین ئەو گۆڕەبەکۆمەڵانە تەرمی چەند کەسی تێدایە.
محما خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، کە لەدادگایی کردنی ئەو بەرپرس و چەکدارانی داعش، کە لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەستیان هەبووە بەشداریمان پێنەکراوە، کە ئەمە جێگەی داخە بۆ ئێمە. تەنانەت ئەو تاوانە گەورەیە نەکراوەتە بەڵگە بۆ ناساندی جینۆسایدی ئێزدییەکان.