نوچەنێت
بەهۆی زیادبوونی هێرشەكانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركوك، ئەمریكا گوشاری بۆ حكومەتی عێراق هێناوە، كە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش بگەڕێنەوە سنووری پارێزگای كەركوك، بەڵام بەغدا و هەولێر لەسەر میكانیزمی گەڕانەوەكە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. بەرپرسێكی ئەمنی لە كەركوك ئاشكرای كرد، هاوپەیمانان رایانگەیاندووە “دەبێ یەک دەزگای ئاسایشی هاوبەشی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ کەرکوک”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موقەدەم فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رزگاری لە کەرکوک، لەبارەی گەڕانەوەی هێزەی ئاسایشی حکومەتی هەرێم بۆ کەرکوک رایگەیاند “مەرجی هاوپەیمانان بۆ گەڕانەوەی هێزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکوک ئەوەیە، کە بەهاوبەشی وەک یەک هێزی تێکەڵ بگەڕێنەوە، نەک وەک ئاسایشی پارتی و یەکێتی.
بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی رزگاری لە کەرکوک دەڵێت، لە ئێستادا زەحمەتە هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هێزیکی هاوبەش و تێکەڵاو بگەڕێنەوە کەرکوک. گوتیشی “هێچ کارێک بۆ ئەو مەسەلەیە نەکراوە و تەنیا گفتوگۆیە”.