داعش لە دەوروبەری مەخموور بەم شێوەیە بوونی هەیە

0

نوچەنێت: تایبەت

لەگەڵ کردنەوەی رێگای هەولێر – مەخموور، لە ٢ی ئەم مانگە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای دابڕانێکی زۆر گەڕانەوە شارەکە. قایمقامی مەخمووریش دەڵێت “گەڕانەوەیان بەپێی رێککەوتن بووە لە نێوان ئێمە و هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەی فرقەی ٣ـی سوپای عێراق”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور، لەبارەی کردنەوەی رێگا و گەڕانەوەی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم بۆ قەزاکە رایگەیاند “کردنەوەی ئەو رێگایە بۆ ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بوو، هەروەها هۆکارەکانی داخستنی ئەو گرژیەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و ملیشیاکانی عێراق، کە ماوەیەک بوو هێور ببوەوە، هیچ ئاسەوارێکی شەڕ لە ناوچەکەدا نەمابوو، بۆیە پێویست بوو ئەو رێگایە بکرێتەوە.

رزگار محەمەد دەڵێت، ناڵێم رێککەوتنی تەواو، بەڵام نیوە رێککەوتنێک بووە و ئاگاداری ئەو هاوکارییەی نێوان دوو هێزەکەم، کە ئەویش پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئێمەوە بوو، کە زیاتر وەک ئەنجومەنی پارێزگا و سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بوو. منیش وەک قایمقام لەگەڵ فەرماندەی سێی پۆلیسی فیدڕاڵ، کە ئەو زیاتر بابەتەکانی جوڵە پێکرد و هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتن.

قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوەدا، لەناو سەنتەر و گوندەکانی دەورووبەری قەزاکە و سەنتەری ناحیەی قەراج و رێگاکان پۆلیسی فیدڕاڵە، لە لیوای ٩ و ١٢ لە ئەرکدان.

لەبارەی هەبوونی چەکداری داعش لەو ناوچەیە، رزگار محەمەد گوتی، بەداخەوە لەگەڵ ئازادکردنی ناحیەی قەراج و گوندەکانی لە مانگی ٧ و ٨ی ٢٠١٧، وەک پێویست هیچ گەڕان و پشکنین لەو ناوچانە نەکرا بۆ مۆڵگەکان و شوێنی خۆحەشاردانی ئەو چەکدارانە، لەوانەیە مانەوە یان لەو سنورانە هەبێ هەندێک جار بەمەفرەزە دەردەچن و هەندێک جاریش بە رۆژ گەڕان و سوڕانیان هەیە دەچنەسەر ماڵان بۆ پێداویستی خۆیان. تەنانەت رووداوی کوشتن و رفاندی خەڵک روویداوە. هەروەها چەند جاڕێک فڕۆکەی عێراقی لێیداون و کوژراویان هەبووە.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com