نوچەنێت: تایبەت
قائیمقامی قەزای شنگال رایدەگەیەنێت، كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە سنوری قەزاكەیان، هەنگاوێكی ئەرێنییە و بە کشانەوەی ئەوان ئەو مەترسییەی لەسەر شنگال هەبوو نەماوە.
دوای ئازادکردنی شنگال لەدەستی داعش، هێزەکانی پەکەکە لە شنگال جێگیر بوونە و لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە، پەکەکە لەشنگال مایەوە، دوای هەڕەشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەرشنگال بەپاساوی هەبوونی پەکەکە لەشنگال، پەکەکە بەفەرمی رایگەیاند، هێزەکانیان لەشنگال بە تەواوی دەکشێننەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال، لە بارەی کشانەوەی پەکەکە لە شنگال رایگەیاند “پەکەکە بەفەرمی هێزەکانی خۆی لەشنگال کشاندووەتەوە، کشنانەوەکە لەسەر داوای خەڵکی شنگال و ئیدارەی شارەکە بووە، سوپاسی پەکەکەش دەکەین، بۆ قوربانی دانیان و بۆ ئەوەی لەشنگال کشانەوە، چونکە بەکشانەوەی ئەوان ئەو مەترسییەی لەسەر شنگال هەبوو نەماوە”.
مەحما خەلیل لەبارەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەشنگال دەڵێت “خەڵکی شنگال نایانەوێت حەشدی شەعبی لەشنگال بمێنێت، بەڵکو دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە لەشوێنی ئەوان بێت. هەروەها خەڵکی شنگال لەگەڵ ئەوەن، بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شنگال هەبێت بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکە”.