نوچەنێت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی دلۆڤان ئیدریس بارزانی، سەرەخۆشی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسعود بارزانی کرد.
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی:
بەڕێز جەنابی کاک مەسعود بارزانی..
بەڕێز جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی ..
بەڕێزان کاک بارز، کاک یوسف، کاک عەباس، کاک رەوان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی دڵتەزێن و کتوپڕی، کۆچی دوایی کاک (دلۆڤان ئیدریس بارزانی)مان پێگەیشت، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم .
بەداخەوە، هەرچەندە ئاشنایی تەواومان نەبوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک (دلۆڤان بارزانی)، بەڵام وەک ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە، کەسایەیتیەکی کۆمەڵایەتی خۆشەویست و خەمخۆری میللەتەکەی بوو. هەمیشە ڕۆڵی ئاشتەوایی بینیوە لەئاست پرسە هەستیارەکاندا، ئەم خەسڵەتە جوانانەش ئاساییە لە خودی کاک دلۆڤان-دا کۆ ببێتەوە چونکە ئەو کوڕی شەهید ئیدریس بارزانی نەمرە، کە لەگەڵ باوکم، هەڤاڵ مام جەلال، دۆستایەتی و پەیوەندیەکی توندووتۆڵی نەتەوایەتییان هەبوو، هەروەک ئاشکراشە کە خوالێخۆشبوو، لە بنەماڵەیەکی خەباتگێڕی گەلەکەمان بوو، لەپێناو مافە ڕەواکانی قوربانیەکی زۆریان داوە و ئێستاش تەرمی خوالێخۆشبوو لەپاڵ هەزارەها شەهیدی بنەماڵەکەی بەخاک دەسپێردرێت.
لە پەروەردگاری مەزنمان داوایە گیانی کۆچکردوو بەبەهەشتی بەرین شاد بکات و ئۆقرەیی و دڵنەواییش بە ئێوەو کەسوکاری ببەخشێت، ئومێدەوارین ئەمە دوایین ناخۆشیتان بێت.
انا للە وانا الیە راجعون
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران
۲-٤- ۲۰۱٨